ئاسایش کەسێک بە تۆمەتی سووتاندنی کۆگەکەی هەولێر دەستگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەڵێت، هۆکاری ئاگری کۆگەکەی ناوچەی پیشەسازیی هەولێر شۆرتی کارەبا نەبووە و "بە مەبەست" بووە.
ئاسایشی هەولێر دەشڵێت، کەسێکیان بە ناوی (ف. ح. ع) بە تۆمەتی سووتاندنی کۆگەکە دەستگیرکردووە و "دانی بە تاوانەکەیدا ناوە."
رۆژی شەممە، 9ـی ئادار، ئاگر لە کۆگەیەکی ناوچەی پیشەسازیی باکووری هەولێر کەوتەوە.
ئیبراهیم خزر، خاوەنی کۆگەکە بە رووداوی گوت، "بەهۆی ئاگرەکەوە 10 ملیۆن دۆلار زیانم پێگەیشتووە".
پێشتر، پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دەرکەوتووە کە ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.
ئاسایشی هەولێر دەڵێت، دوای رووداوەکە لەلایەن "تیمەکانمانەوە دەست بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە کرا و لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت هۆکاری سوتانی ئەم کۆگایە شۆرتی کارەبا نەبووە، بەڵکو بە مەبەست کەسێک ئەم تاوانەی ئەنجامداوە."
ئاسایش روونیدەکاتەوە: "دوای بەدواداچوونی ورد و زیاتری تیمەکانمان توانیمان ناسنامەی ئەو کەسە ئاشکرا بکەین کە هەڵساوە بە سووتاندی ئەم کۆگایە."