کۆمیسیۆن وادەى تۆمارکردنى بەربژێرانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، 13 بۆ 22ى ئادارى دیارکرد بۆ  پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان. 
 
10ى ئادارى 2024، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ماوەى پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکرا، کە لە 13ى ئادار دەرگاى پێشکێشکردن دەکرێتەوە و تاوەکو 22ى ئادار بەردەوام دەبێت."
 
جومانە غەلاى گوتى، "ئەو وادەیە بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێرانى هاوپەیمانێتى و پارتە سیاسییەکان و بەربژێرانى سەربەخۆیە و لە دواى ئەو وادەیە، وردبینى لە دۆسیەی لایەنە پەیوەندارەکاندا دەکرێت".
 
رۆژی 3ـى ئاداری 2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانى هه‌رێمیی بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد، کە رۆژى 10-6-2024ـە.
 
لەو 38 پارتەى تاوەکو ئێستا تۆمارکراون و دەتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دا بکەن، 21 پارتیان لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستانەوە مۆڵەتیان پێدراوە، 17ـەکەی دیکەیان لە فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان ناوى خۆیان تۆمار کردووە.