پاسداران دەڵێت هێرشیان کردووەتە سەر هەریر و قایمقام رەتیدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، بە پێنج مووشەک بنکەی ئەمریکایان لە سنووری قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کردووە. قایمقامی قەزاکەش رەتیدەکاتەوە: "سنووی ئێمە نەبووە و بەنی هەریر بووە".

ئەمڕۆ سێشەممە 10-3-2026 پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر "بنکەی هێزەکانی ئەمریکا" لە بنکەی سەربازیی هەریر لە هەرێمی کوردستان.

شێروان جەلال، قایمقامی قەزای هەریر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "فڕۆکەخانەی سنوورەکەمان و دەوروبەری قەزاکەمان هیچ هێرشێکی نەکراوەتە سەر".

لەبارەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسدارانیشەوە قایمقامی هەریر گوتی: "هێرش هەبووە لە کاژێرەکانی کۆتایی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەڵام بۆ چیای بەنی هەریر بووە، نەوەک قەزای هەریر".

سوپای پاسداران رایگەیاندووە: "بنکەی سوپای دەستدرێژیکاری ئەمریکا لە بنکەی هەریری هەرێمی کوردستان بە پێنج مووشەک لە لایەن قارەمانەکانی یەکەی مووشەکی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران کرایە ئامانج".

لە 28ـی شوباتەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، زیاتر لە دوو جار فڕۆکەخانەی قەزای هەریر هێرشی کراوەتە سەر، ئەوەش بە پاساوی هەبوونی هێزی ئەمریکا لەو فڕۆکەخانەیە.