دوێنێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەمترین هێرش هەبوون
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە 9ـی ئادار، ژمارەیەک ناوەندی سەربازی و ئەمنی لە پارێزگاکانی سنە و لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کران. لەو رۆژەدا، بەراورد بە 9 رۆژی پێشتر، کردنە ئامانجی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر بوو.
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی دووشەممە لە پارێزگاکانی ورمێ، کرماشان و ئیلام هیچ شوێنێک نەکراوەتە ئامانج. لە پارێزگای سنە، سەربازگەیەک و لە لوڕستانیش، چەند بنکەی سەربازی و شوێنی مانەوەی هێزەکانی ئێران بۆردوومان کراون.
سنە
لە شاری سنە، دوای چەندەمین جار بۆمبابارانکردنی لە کاتی دەستپێکردنی شەڕەوە، جارێکی (قەرارگەی شەهرامفەر)ـی سوپای پاسداران بۆردوومان کرایەوە.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی دوای بۆردوومانکردنی سەربازگەکە بڵاوکراونەتەوە، ئەو شوێنە بە چڕی بۆردوومان کراوە و دووکەڵی زۆر لە شوێنی بۆردوومانەکان بەرزبووەتەوە و دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
لە شەڕی ئەمریکا- ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دا، یەکێک لەو شوێنانەی لە سنە زۆر بۆردوومان کراوە، قەرارگەی شەهرامفەر بووە.
قەرارگەی شەهرامفەر، لە گرنگترین ناوەندەکانی فەرماندەیی سوپای پاسدارانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سنووری چالاکییەکانی لە پارێزگای سنەیە.
ناوەندی فەرماندەیی ئەو قەرارگەیە لە شاری سنەیە و سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا لە شارەکانی دیکە دەکات بەتایبەت، سەوڵاوا، مەریوان، بانە، سەقز و بەشێکی ناوچەی هەورامان. ئەرکی سەرەکیی ئەو قەرارگەیە، رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و چاودێریکردنی کاری سیاسی و ئەمنییە لە ناوچەکەدا.
خوڕەمئاوا
کاژێر 3:30 ی دوای نیوەڕۆی دووشەممە بەکاتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بنکەیەکی سەربازی، هۆڵێکی وەرزشی و کۆگەیەک لەنێو شار و بنکەیەکی سەربازی لە نزیک شاری خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستان کرانە ئامانج.
ئەو هاونیشتمانییانەی ڤیدیۆکانیان بڵاوکردووەتەوە دەڵێن، هۆڵێکی وەرزشی لە شەقامی (تەمەدون)ـی خوڕەمئاوا کە سەر بە شارەوانییە، کۆگەیەک لە شەقامی (ئێرەم) و بنکەیەکی پۆلیس کراونەتە ئامانج. هەروەها، لە بەرزاییەکانی دەوروبەری خوڕەمئاواش، هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازی کە دەگوترێت، سیستمی بەرگری ئاسمانی بووە.
میدیا حکومییەکان لە لوڕستان کردنە ئامانجی "چەند شوێن" لە خوڕەمئاوایان پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام ناو و زانیاری لەبارەی شوێنەکان بۆمبابارانکراوەکان بڵاونەکردووەتەوە.
لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، رۆژی دووشەممە لە شاری کوویەشتی لوڕستان، ناوەندی ئیتلاعاتی شارەکە بۆردوومان کراوە و لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیان بە ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون و بازرگانیش گەیشتووە، بەڵام هێرشەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
بەهۆی بڕانی ئینتەرنێت و ئەو سنووردارییانەی لەسەر بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان دانراوە، پشتڕاستکردنەوەی هەموو ئەو شوێنانەی دەکرێنە ئامانج، ئاستەم بووە.
تۆڕی نێت بلۆکس کە چاودێریی دۆخی ئینتەرنێت دەکات لە جیهان دا، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، 10 رۆژە ئینتەرنێت لە ئێران بڕاوە و ئاستی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت لە ئێران لەم ماوەیەدا، 1٪ـی کاتی ئاسایی بووە.
سەعید شەهواری، بەڕێوەبەری گشتیی دادی پارێزگای لوڕستان رایگەیاندووە، "تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران و ژێرخانەکان، تاوانە و ئەو کەسانەی ئەو کارە بکەن سزا دەدرێن".
نادیاربوونی ژمارەی قوربانییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان
دامەزراوە فەرمییەکان لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان تاوەکو ئێستا ژمارەی قوربانییان و کوژراوانی شەڕی ئەمریکا- ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، ژمارەیەک فەرماندە و ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران، پۆلیس و ئیتلاعات لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون، لەگەڵ ژمارەیەک سەرباز. هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکاندا، هاونیشتمانییانی سیڤیلیش بوونەتە قوربانی.
بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو 9ـی ئادار، کوژرانی 21 هاونیشتمانیی سیڤیلی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجامی هێرشەکاندا پشتڕاستکراوەتەوە. دوو کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، مێرمنداڵن و تەمەنیان 14 و 16 ساڵان بووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، زۆربەی ئەو کەسە سیڤیلانە لەکاتی کردنە ئامانجی بنکە سەربازییەکان، لە نزیک ئەو شوێنانە بوون یان دوای بۆردوومانی شوێنێک، چوونەتە شوێنی بۆردوومانەکە.
قوربانییەکان خەڵکی ورمێ، مەهاباد، سنە، مەریوان، بۆکان، نەغەدە، روانسەر، پاوە، دیواندەرە، کامێران، مەریوان و سەوڵاوان. ئەو ئامارە، پارێزگای لوڕستان لەخۆ ناگرێت.
بەرپرس و دامەزراوە حکومییەکانی ئێران لە پارێزگای لوڕستانیش دەڵێن، ژمارەیەک لەو کەسانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا گیانیان لەدەستداوە، خەڵکی سیڤیل بوون. تاوەکو ئێستا کوژرانی سێ قوتابی لەو پارێزگایە راگەیێندراوە.
بەپێی ئاماری رێکخراوی فریاکەوتنی پزیشکیی ئێران، 190 کەس لەوانەی لە ئەنجامی هێرشەکاندا کوژراون، تەمەنیان خوار 18 ساڵانە.
پێشتر فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا، سێنتکۆم و سوپای ئیسرائیل رایانگەیاندبوو، هێزەکانی ئێران بەتایبەت فەرماندە و ئەفسەرە پلە باڵاکان، لە شوێنی سیڤیل جێگیربوون و شوێنی سیڤیل بەکاردەهێندرێن بۆ تەقاندنی مووشەک و هەڵدانی درۆن، بەڵام ئێران ئەوە رەتدەکاتەوە.