بە درۆن هێزەکانی زاگرۆس کرانە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، بە درۆن هێرش کرایە سەر هێزەکانی زاگرۆس لە بناری قەزای خەلیفانی سنووری پارێزگای هەولێر.
سەرچاوەیەک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، " بۆردوومانەکە کاژێر 01:00ی نیوەڕۆی بووە و بە چوار درۆن هێرش کراوەتە سەر شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی زاگرۆس".
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو کارمەندی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە نزیک ئەو شوێنە بوون، بریندار بوون.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی بریندارەکان، سەرچاوەکەی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، "برینەکانیان سووکن و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان".
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی بە فەرمی روونکردنەوەی لەبارەی ئەم هێرشە بڵاونەکردووەتەوە.