لە پارێزگای ورمێ 3700 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی بەهۆی شەڕەوە زیانیان پێگەیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی خانووبەرەی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی شەڕەوە زیاتر لە سێ هەزار و 700 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە پارێزگاکە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی ئاداری 2026، عەلیڕەزا موقەدەم، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی خانووبەرەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە سەرەتای شەڕەوە تیمەکانیان لە شار و ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە سەردانی ئەو شوێنانەیان کردووە کە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراون، بۆ ئەوەی خەملاندن بۆ قەبارەی زیانەکان بکەن.
عەلیڕەزا موقەدەم دەڵێت، "بە پێی خەملاندنەکانمان، لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 700 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاری ورمێ زیانیان پێگەیشتووە. لەو ژمارەیە 200یان یەکەی بازرگانین کە زیانیان بەرکەوتووە."
بە گوتەی موقەدەم، زیاترین زیانەکان لە شاری ورمێیە و نزیکەی 950 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لەو شارەدا بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانیان بەرکەوتووە.
بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی خانووبەرەی پارێزگای ورمێ ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا 30 کەس لە چوارچێوەی 15 تیمدا لە شاری ورمێ خەریکی خەملاندنی ئەو زیانانەن کە بەهۆی شەڕەوە بەر هاووڵاتیان کەوتوون.