زانیاریی ورد لەسەر بۆردوومانکردنی حەشدی شەعبی لە کەرکووک؛ لانیکەم 6 چەکدار کوژراون و 25 بریندارن
روواو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشکرایە سەر یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق. شانەی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، کوژراو و بریندار هەیە. دوو سەرچاوەی رووداو ئاشکرای دەکەن، لانیکەم شەش چەکداری گرووپی کەتائیبی ئیمام عەلی لە هێرشەکاندا کوژراون.
کاژێر 03:20ی بەیانی ئەمڕۆ 10ی ئادار، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی لیوای 40ی حەشدی شەعبی، کە چەکدارەکانی کەتائیبی ئیمام عەلین لە سنووری رۆژئاوای کەرکووک لە دوبز. هێزەکە نزیک کێڵگەی نەوتیی بای حەسەن جێگیر کراوە.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو کە بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کردووە رایگەیاند، "هێرشی یەکەم تەنیا برینداری لێکەوتووەتەوە. کاتێک چەکدارەکان بە هانای بریندارەکانەوە چوون، مووشەکی دووەم لە بارەگاکەی داوە و خاپووری کردووە."
رووداو زانیاری دەستکەوتووە کە لانیکەم 6 چەکدار لە هێرشەکەدا کوژراون، هەروەها 13 بریندار براونەتە نەخۆشخانەی کەرکووک. پەیامنێری رووداو گوتی، "لانیکەم 12 برینداریش براونەتە نەخۆشخانەی سەربازیی کەی وەن."
رووداو لە لایەنی پەیوەندیدارەوە زانیاری وەرگرتووە کە ژمارەی کوژراوەکانی حەشدی شەعبی زیاترن لەوەی رایانگەیاندووە، بەڵام تەرمەکان هەموویان نەبراونەتە دادپزیشکی کەرکووک.
چەکدارە کوژراو و بریندارەکانی ئەو گرووپەی حەشدی شەعبی، خەڵکی کەرکووک و دەوروبەری نین و لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە براونەتە ئەو ناوچەیە.
سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت: "هەشت کیسی تەرم گواستنەوە لە تەندروستی کەرکووک وەرگیراون بۆ ئەوەی تەرمەکان بگوازنەوە بۆ فڕۆکەخانەی موسەننا و لەوێ رێوڕەسمان بۆ بکەن."
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، بە فەرمانی دەستەی حەشدی شەعبی، سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی ئەو دەستەیە لە کەرکووک بارەگاکانیان پێشتر چۆڵکردبوو، جگە لەو بارەگایەی شەوی رابردوو هێرشی کراوەتە سەر.
رووداو زانیویەتی، "ئەو بارەگایەی گرووپە چەکدارەکەی حەشدی شەعبی کە بۆردوومان کراوە، پێشتر خانووی هاونیشتمانییان بووە، بەڵام دوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 چۆڵیان کردووە."
پەیامنێری رووداو دەڵێ، لە نزیک کێڵگەی نەوتیی بای حەسەن گرووپە چەکدارەکانی کەتیبەی ئیمام عەلی جێگیرن، کە ژمارەیان نزیکەی 400 چەکدارە.
ئەو ناوچەیەی بۆردوومان کراوە، پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 لەژێر دەستی هێزەکانی پێشمەرگەدا بوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو تەرمی چەکدارەکان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکەدا ماونەتەوە و گرووپە چەکدارەکان لەترسی دووبارەبوونەوەی هێرش نەیانتوانیوە دەریانبهێنن.
سەرچاوەیەک بە پەیامنێری رووداوی گوت، یەکێک لە ئامانجەکان فەرماندەی کەتائیبی ئیمام عەلی بووە "لە هێرشەکەدا پێکراوە، بەڵام نازاندرێت کوژراوە یان بریندارە."
لەبارەی هێرشەکەوە، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هەواڵی کوژرانی "کۆمەڵێک لە پاڵەوانانی حەشدی شەعبی رادەگەیێنین. کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرانە ئامانج."
شانە ئەمنییەکەی عێراق نە ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی راگەیاندووە و نە هیچ لایەنێکی بە هێرشەکە تۆمەتبار کردووە؛ ئاماژەی بەوە کردووە، سەرکۆنەی دەکەن و بە هێرشێکی "ناپاکانە" ناوی بردووە.
کەتیبەکانی ئیمام عەلی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "دەستدرێژییەکی ناپاکانەی ئەمریکا یەکێک لە بارەگاکانی لیوای 40ـی بۆردوومان کردووە."
دەستەی حەشدی شەعبی هاوپەیمانێتییەکی گرووپە چەکدارەکانە و لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی دژی داعش دامەزرا.
گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی زۆرینەیان بە لایەنگر و هاوپەیمانی ئێران دادەنرێن، لەنێویاندا چەندین لیوای جیاوازیان هەیە و بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێراق، لەژێر ناوی جیاوازدا و بە ناوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" چالاکی سەربازیی دەکەن.
لە دەستپێکی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ئەو گرووپانەی لەژێر ناوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کاردەکەن، بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی ژمارەیەک هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ گرتووە.