گوتەبێژی حدکا بۆ رووداو: پەیامێکی روونمان لە ترەمپەوە بۆ نەهاتووە و ئێستا نیازمان نییە بچینە ناو شەڕەوە
رووداو دیجیتاڵ
خالید عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی دوو پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند "ئێمە پەیامێکی زۆر روونمان لە سەرۆکی ئەمریکاوە سەبارەت بە رۆڵی ئێستا و تەنانەت داهاتووشمان لەم شەڕەدا پێنەگەیشتووە"، لە هەمان کات دا گوتی "ئەگەر ستراتیجیی ئێمە پێویست بکات ئێستا بچینە نێو شەڕەوە، ئەوا دەچین، بەڵام لەم کاتەدا نیازێکی لەو جۆرەمان نییە".
خالید عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دوێنێ 9ی ئاداری 2026 لە شاری واشنتن، پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پرێسکۆنفرانسێکدا وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
خالید عەزیزی لە وڵامی پرسیارێکی رووداو دا سەبارەت بە داوای مەسعود پزیشکیان لە رۆژی 8ی ئەم مانگەدا بۆ دانوستاندن لەگەڵ پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دا گوتی "کۆماری ئیسلامی دەیەوێت سەرنجەکان بەلاڕێدا ببات و، بە خەڵکی ئێران بڵێت، ئەگەر ئێوە بێنە سەر شەقامەکان و ئێمە لە دەسەڵاتدا نەبین، ئەوا ئێران هەڵدەوەشێتەوە و ئێستا سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی لە گەلی کورد دەکات. ئێمە زۆر باش شارەزای ئەم قسانەین و کاریگەرییان نییە".
خالید عەزیزی، هەر هەمان رۆژ هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فۆکس نیوزدا هەبوو و لە بەشێکی قسەکانیدا رایگەیاند "پێشتر هەمیشە دەمگوت کە دەستپێکردنی جەنگ زۆر ئاسانە، بەڵام کۆتاییپێهێنانی ئاڵۆزتر دەبێ. ئێمە وەک کورد بەشێک نین لەم جەنگە بەردەوامەی لەنێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئێران دەکرێ، بەڵام چەندین ساڵە لە خەباتداین دژی ئەم رژێمە، و زۆرینەی گەلەکەمان و ئەندامانی پارتەکەمان لە کوردستانی ئێران دەژین و ئەوان چەندین ساڵە کەسانی زۆر چالاکن دژی ئەم رژێمە".
هەروەها بەو کەناڵە ئەمریکییەی راگەیاند "ئێمە زۆر باش ئاگاداری کوردستانی ئێرانین و دەزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم رژێمە دەکەین، بەڵام ئێستا و لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، هیچ ویستێکمان نییە بۆ چوونە نێو کوردستانی ئێران، چونکە هێزە زەوینییەکانی ئەم جەنگە پرسێکی سەرەکی نەبووە. ئێمە دەبینین کە ئەمە جەنگێکە لە ئاسمانەوە و دەریاوە لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل دژی رژێمی ئیسلامی. هەربۆیە ئێستا پێشبینی ئەوە ناکەم کە کاتی ئەوە بێت بچینە نێو کوردستانی ئێران بۆ ئەگەری جەنگێکی زەوینی".
ئەمەش دەقی ئەو دوو پرسیار و وەڵامەی رووداوە لەگەڵ خالید عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا):
رووداو: لەم چەند رۆژەدا، سەرۆکی ئەمریکا چەند ئاماژەیەکی جیاجیای دا لە بارەی رۆڵی کورد لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ئایا ئیدارەی ئەمریکا، لەنێویاندا سەرۆک ترەمپ، بە فەرمی پەیوەندیی پێتانەوە کردووە؟ ئەگەر وایە، ئایا هیچ پەیامێکی روونیان هەیە کە چاوەڕوانن کورد چ رۆڵێک بگێڕێت؟ دواتر پرسیارێکی دیکەشم دەبێت.
گوتەبێژی حدکا: راستییەکەی ئێمە پەیامێکی زۆر روونمان لە سەرۆکی ئەمریکاوە سەبارەت بە رۆڵی ئێستا و تەنانەت داهاتووشمان لەم شەڕەدا پێنەگەیشتووە، بەڵام زۆریان ئەو راستییەیان قبووڵ کردووە کە کورد دەتوانێت رۆڵێکی گەورە لەم پێشهاتانەدا بگێڕێت. ئێمەش بەردەوام ئەو پەیامەمان داوەتە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کە ئێران هەرگیز دیموکراسی و ئاسایشی بەخۆیەوە نابینێت، ئەگەر کورد بەشێک نەبێت لە داهاتووی ئێران. بەبێ کورد ئەمە سەرناگرێت. بۆیە لە ماوەی ئەم پێشهاتانەدا لەگەڵ هەموویان لە پەیوەندیداین، بۆ ئەوەی هاوکاریمان بکەن لە چۆنیەتی هەبوونی جێگرەوەیەکدا .
رووداو: پرسیاری دووەمم، ئایا وەڵامی بانگەوازی ئەم دواییەی سەرۆککۆماری ئێرانتان داوەتەوە کە دەڵێ دەمانەوێت لەگەڵ کورد دابنیشن و دانوستاندنیان لەگەڵدا بکەین، وەک خۆی رۆژی شەممە رایگەیاند کە لەوانەیە ناکۆکیتان هەبن، بەڵام ئەوان نایانەوێت ئێوە ببنە ئامرازێکی دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک خۆی گوتی . ئێوە چۆن وەڵامی ئەم بانگەوازەتان داوەتەوە؟
گوتەبێژی حدکا: ئەم جۆرە قسانە زۆر باون. کۆماری ئیسلامی دەیەوێت سەرنجەکان بەلاڕێدا ببات و بە خەڵکی ئێران بڵێت، ئەگەر ئێوە بێنە سەر شەقامەکان و ئێمە لە دەسەڵاتدا نەبین، ئەوا ئێران هەڵدەوەشێتەوە و ئێستا سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی لە گەلی کورد دەکات. ئێمە زۆر باش شارەزای ئەم قسانەین و کاریگەرییان نییە. چونکە ئێمە سیاسەتی خۆمان هەیە، کە سیاسەتێکی زۆر تۆکمەیە. ئێمە ستراتیجیی خۆمان هەیە. ئەگەر ستراتیجیی ئێمە پێویست بکات ئێستا بچینە نێو شەڕەوە، ئەوا دەچین، بەڵام لەم کاتەدا نیازێکی لەو جۆرەمان نییە. بۆیە دەڵێم کە ئەو قسانە کاریگەرییان نییە. کۆماری ئیسلامی زوو زوو هەوڵی بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵکی ئێران دەدات لە رێگەی ئەو جۆرە شتانەوە.