سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پرسەی برای جەعفەر شێخ مستەفا دا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری کرد لە پرسی کۆچکردوو، شێخ حوسێن شێخ مستەفا، برای جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری پێشووتری پەروەردەی سلێمانی.
شێخ حوسێن شێخ مستەفا، بەڕێوەبەری پێشووتری پەروەردەی سلێمانی و برای جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 6ـی ئاداری 2026 بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد.
دوای بەڕێوەچوونی پرسەی کۆچکردوو لە شاری سلێمانی بۆ ماوەی دوو رۆژ، پرسەکە گوێزرایەوە بۆ شاری هەولێر. ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر بەشداری لە پرسەکەی کرد و سەرەخۆشی لە جەعفەر شێخ مستەفا و کەسوکاری کۆچکردوو کرد.
شێخ حوسێن شێخ مستەفا لە ساڵی 1947 لە گوندی شێخ مستەفا لە سنووری قەزای قەرەداخ لە پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە، چەند ساڵێک بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بووە. 6ـی ئادار بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد و لە گوندی شێخ مستەفا بە خاک سپێردرا.
لەبارەی شێخ حوسێن شێخ مستەفاوە وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "کۆچکردوو رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی هەبووە لە خزمەتکردنی کەرتی پەروەردە بە گشتیی و پەروەردەی سلێمانی بەتایبەت".