ئەو کەسەی لە سەیدسادق برایەکی خۆی کوشت، دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی ئەو کەسەی راگەیاند، کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان، لە سەیدسادق برایەکی خۆی کوشت.
بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، تۆمەتبارەکە خۆی رادەستی پۆلیسی سەیدسادق کردووە و لە لێکۆڵینەوەکاندا هۆکاری کوشتنی براکەی بۆ "کێشەی کۆمەڵایەتی" گەڕاندووەتەوە.
قەزای سەیدسادق دەکەوێتە سنووری پارێزگەی سلێمانی.
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، "دوای ئەوەی لەلایەن نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتەوە [لە سەیدسادق] هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرایەوە کە کەسێک بە فیشەک بریندارکراوە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانەکەیان، دەستبەجێ هێزەکانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستیپێکرد".
دەشڵێت، "دواتر بریندارەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ بکوژەکە دەرکرد".
لەبارەی چۆنێتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەوە، پۆلیس ئاماژە بەوە دەکات، "سەرەنجام بکوژ خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد و لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی سەیدسادقەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراوە و بە بڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپێی مادەی 406 راگیراوە... لە لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار (ب، ع) هۆکاری تاوانەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی".
هەر لەم بارەیەوە، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، دوای رووداوەکە دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارەکە دەرکرد، پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەکە، تۆمەتبار زانی لە دەستی پۆلیس رزگاری نابێت، بۆیە خۆی رادەست کرد.
لەبارەی رووداوەکەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ناسیح عەلی خەیات، پوورزای کوژراوەکە بە رووداوی
راگەیاند، "دوای ئەوەی (ب. ع) دەیەوێت بچێت بۆ جەژنە پیرۆزە لە دایکی، بەڵام وریای برای رێگە نادات بیبینت و دەبێتە دەمەقاڵەیان. (ب. ع) دەگەڕێتەوە ماڵی خۆی و دواتر بە چەکی M4 دەگەڕێتەوە، تەقە لە براکەی دەکات و سێ فیشەکی لێدەدات."
ناسیح عەلی خەیات، سەبارەت بە کێشەی ماڵی پووری گوتی، کێشەکە "لەسەر خانوویەکی بچووکی وەرەسەیە،" کە 10 ساڵە ئەو کێشەیە بەردەوامە و دوای چەندجارێک هەوڵدان، نەتواندرا چارەسەر بکرێت، ئەمڕۆ وریا بەهۆیەوە کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکان، بکوژ کارمەندی هێزە ئەمنییەکانە و پلەی هەیە.
وریا عەبدوڵڵا تەمەنی 32 ساڵە، خێزاندار نییە و راهێنەری مەلەوانی بووە؛ شەش برای هەیە.