لە گوندێکی کەسنەزان دایکێک و دوو منداڵەکەی بریندار دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستان لە گوندی پیرڕەشی ناحیەی کەسنەزان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەڵێت، چەکدارێک چووەتە ماڵی خوشکێکی و سێ کەسی بریندار کردوون.
 
شیروان فەرهاد سەفۆ، هاونیشتمانییەکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەسێکی دەمامکدار بە دەمانچەوە چووەتە سەر ماڵی خوشکم و تەقەی لێکردوون، بەوهۆیەوە خوشکەکەم و دوو منداڵی بریندار کردوون."
 
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، خوشكەکەی ئاهین فەرهاد سەفۆ، خوشکەزایەکی بەناوی حەسەن ریاز کەنعۆ 20 ساڵ و خوشکەزایەکی دیکەی بەناوی ئایە ریاز 17 ساڵ بە گوللە قاچیان بریندار کراوە.
 
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە شیروان فەرهاد سەفۆ دەڵێت، "کەسێک ساڵی 2019 چەند کەسێکی لە گوندی پیرڕەش کوشت، کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوون، ئێستا ئەو کەسە لە زیندانە و چەند جارێک لە رێگەی خەڵکەوە هەڕەشەی لە ماڵی خوشکم کردووە خانووەکەیان چۆڵ بکەن و بێبەرامبەر بیدەنە ئەو، ئەوانیش رەتیانکردووەتەوە".
 
وەکو شێروان باسی دەکات، ریاز کەنعۆی زاوایان بەهۆی هەڕەشەی ئەو کەسەوە، هەولێری جێهێشتووە و دوو ساڵ لەمەوبەر گەڕاوەتەوە رۆژئاوای کوردستان.
 
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوەشکرد، دوای ئەوەی چەند جارێک داوای چۆڵکردنی خانوو لە خوشکەکەی کراوە و رەتیکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارێک چووەتە ماڵی خوشکەکەی و راستەوخۆ بە گوللە برینداری کردوون.
 
ئێستا بریندارەکان لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر لەژێر چاودێریدان و پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ نەشتەرگەرییان بۆ کراوە .
 
شێروان فەرهاد سەفۆ گوتی: "پۆلیس گوتەی لە خوشک و خوشکەزاکانم وەرگرتووە، بەڵام نازانین تۆمەتبار دەستگیرکراوە یان نا".
 
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە بێت، ماڵی خوشکەکەی خانووەکەیان بە 38 هەزار دۆلار کڕیوە. ئەو دەڵێ: "ئەو کەسەی لە زینداندایە دەیەوێت بە بەلاش خانووەکە داگیر بکات، لەکاتێکدا کاتی خۆی ماڵی خوشکەکەم بە نێوەندگیریی خۆی کڕیویانە".