خانەنشینیی پێشمەرگە: ئاگاداری بڕینی دەرماڵەی خێزانیی هیچ پێشمەرگەیەک نین

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی چەند پێشمەرگەیەک رایانگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەرماڵەی خێزانییان بڕدراوە، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاگادار نەکراونەتەوە.
 
پێشمەرگەیەکی خانەنشین لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەند مانگێکە دەرماڵەی خێزانیمان بڕدراوە، بەتایبەت خانەنشینانی سەر بە هەردوو لیوای پێنج و شەش لە سلێمانی. ئەوەش لەکاتێکدا، لە پارێزگای هەولێر دەرماڵەی خێزانی رانەگیراوە."
 
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بە فەرمی لەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە کە دەرماڵەی خێزانیی پێشمەرگەی خانەنشین راگیرابێت."
 
دەرماڵەی خێزانیی پێشمەرگەی خانەنشین بۆ هاوژینەکانیان مانگانە 70 هەزار دینارە و بۆ هەر منداڵێکیش 15 هەزار دینار.
 
هاوکات، بەرپرسێک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پێدەچێت ئەو پێشمەرگە خانەنشینانە ژمارەیەکی کەم بن و هۆکارێکی تایبەتیان هەبێت لە یەکە ژمێریارییەکانیان، چونکە بە فەرمی بە بڕیار دەرماڵەی خێزانیی هیچ کەسێک نەبڕدراوە."