لە خورماتوو لەسەر ریشسپیایەتی شەڕ دەکەوێتە نێوان دوو بنەماڵە و برینداری لێدەکەوێتەوە


رووداو دیجیتاڵ  

نوێنەری قەزای خوورماتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین هەواڵی کوژران و برینداربوونی 15 کەس لە خوورماتوو رەتدەکاتەوە و دەڵێت، شەڕی دوو بنەماڵە بووە و تەنیا چوار بۆ پێنج کەس برینداربوونە. 
 
لە میدیاکانی عێراق وا بڵاویکرایەوە، ئێوارەی دوێنێ شەڕێکی هۆزایەتی لە قەزای خوورماتوو روویداوە و بەهۆیەوە، سێ کەس کوژران و 12ـی دیکە برینداربوون.
 
یاسین داودی، نوێنەری قەزای خوورماتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەڕەکە لەنێوان دوو بنەماڵەی هۆزی ساڵەیی لەسەر ریشسپیایەتی هۆزەکە بووە. چەکیش بەکارنەهاتووە تەنیا بە دەست و دار بووە و سێ بۆ چوار گەنج بریندار بوونە. دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە.
 
ئەو نوێنەرە داوا لە میدیاکان دەکات لە گواستنەوەی هەواڵەکان وردبن و پەیوەندی بە سەرچاوەی دروست و باوەڕپێکراو بکەن. 
 
قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە.