لە لوڕستان 8 کەس لە بیرێکدا خنکان
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شاری کۆیەشتی سەر بە پارێزگای لوڕستان، 8 کەس کە بۆ دەرهێنانەوەی یەکدی چوونە نێو بیرێکی کشتوکاڵی، گیانیان لەدەستدا. قایمقامی شارەکە دەڵێت، سەرجەمیان کەسوکاری یەکدین.
رووداوەکە کاژێر 19:30 خولەکی دوێنێ ئێوارە (19:00 بەکاتی هەولێر) لە شارۆچکەی کونانی سەر بە شاری کۆیەشتی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کەسی یەکەم چووەتە نێو بیرە کشتوکاڵییەکەوە و بەهۆی گازێکەوە تووشی تەنگەنەفەسی بووە، 7 کەسەکەی دیکەیش دوابەدوای یەکدیدا بۆ رزگارکردنی ئەو و کەسانی بەر لە خۆیان لە بیرەکە چوونەتە خوار، بەڵام بەهۆی کەمیی ئۆکسجینەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
هەندێک لە میدیاکان باس لە خنکانی حەوت کەس دەکەن، بەڵام موراد ناسری، قایمقامی کۆیەشت، گیانلەدەستدانی هەر 8 کەسی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، "دەرکەوتووە هەر هەشتیان کەسوکاری یەکدی بوون."
موراد ناسری، ناوی ئەو 8 کەسەی بەو شێوەیە راگەیاند، "تورەج مورادی، ئیرەج مورادی، یوسف مورادی، ساسان مورادی، ئیرەج کازمیان، یونس مەلیکی، یوسف مەلیکی و فەتحوڵڵا باقری."
بیرە کشتوکاڵییەکە نزیکەی 50 مەتر قووڵە و دەگوترێت بەهۆی بوونی گازێک تێیدا، بڕی ئۆکسجینی نزیک بووە لە سفر.
ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی لوڕستان لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، کەسی یەکەم بەهۆی لەکارکەوتنی ئامێری هەڵدانی ئاو لە بیرەکە چووەتە خوارەوە و تووشی تەنگەنەفەسی بووە، 7 کەسەکەی دیکەش بە نۆرە و بۆ رزگارکردنی ئەو و کەسانی بەر لە خۆیان چوونەتە نێو بیرەکە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەر دوێنێ شەو دەرهێنانەوەی ئەو هاونیشتمانییانەیان دەستیپێکرد و بەیانیی ئەمڕۆ هەشتەم تەرمیان دەرهێنایەوە.