یەکێتی سەرپەرشتیاری بازنە و بەربژێرەکانی بۆ پەرلەمانی عێراق دەستنیشان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چەند رۆژێکە دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەو مەبەستە سەرپەرشتیاری ناوچەکانی هەڵبژاردنی دیاریکردووە و دەستی بە چاوپێکەوتنیش کردووە لەگەڵ ئەو کادیرانەی سیڤییان بۆ بەربژێری پێشکێشکردووە.
ئەمڕۆ شەممە، محەممەد دووشیوانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرووی خۆیەوە فەرمانێکی پێگەیشتووە بۆ سەرپەرشتیکردنی بانگەشە و هەڵبژاردن لە ناوچەی بادینان."
بە گوتەی محەممەد دووشیوانی، دەستنیشانکردنی سەرپەرشتیار لە ناوچەکان بەمجۆرەیە:
- قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سنووری هەولێر
- رەفعەت عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری سنووری سلێمانی
- ئاسۆ مامەند، سەرپەرشتیاری سنووری كەركووک
- محەممەد دووشیوانی (حەمەسوور دووشیوانی) سەرپەرشتیاری سنووری بادینان
- شێخ ئەحمەدی نۆکان، سەرپەرشتیاری سنووری گەرمیان
- وەهاب هەڵەبجەیی، سەرپەرشتیاری سنووری هەڵەبجە
- میران محەممەد، سەرپەرشتیاری سنووری راپەڕین
- ئاراس محەممەد ئاغا، سەرپەرشتیاری سنووری پارێزگای نەینەوا
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو کادیرانەی ئارەزووی خۆ بەربژێرکردنیان کردووە بۆ پەرلەمانتاری، سیڤییان پێشکێشی مەڵبەندەکانیان کردووە و ئەوانیش ناردوویانە بۆ مەکتەبی هەڵبژاردن.
هەر بەپێی زانیارییەکان، چاوپێکەوتن لەگەڵ زۆربەی ئەو کەسانە کراوە کە دەیانەوێ خۆیان بەربژێر بکەن و دوای هەڵسەنگاندن، ژمارەی پێویستیان لێ جیادەکرێتەوە.
پێوەرەکانی بەربژێر چین؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەستیکەوتووە، ئەو کادیرانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە و دەکرێت، دەبێ بۆ بەربژێربوون چەند مەرجێکی سەرەکییان تێدابێت، لەوانە:
- زمانی عەرەبی بە باشی بزانێت
- کەسێکی لێهاتوو بێت لە رووی سیاسی و دەربڕینەوە
- کەسێکی کۆمەڵایەتی و ناسراوبێت و بتوانێت دەنگ کۆبکاتەوە
- حیزبی بێت
- پابەندبێت بە بڕیارەکانی سەرۆک و سەرکردایەتیی حیزبەوە
لەنێو بەربژێرەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، چەند کەسێک هەن کە لە خولەکانی پێشووتر پەرلەمانتار بوون، دیارترینیان: رێزان شێخ دلێر، هەرێم کەمال ئاغا، ئارێز عەبدوڵڵا، بڕیار رەشید و دیلان غەفوور.
رێزان شێخ دلێر، کە لە خولی چوارەم پەرلەمانتاری عێراق بوو بە رووداوی گوت: لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی خۆی بۆ پەرلەمانتاری بەربژێر بکاتەوە.
بڕیارە 11-11-2025، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.