چوار گەنج لە سلێمانی خۆبەخشانە شەقامەکان چاک دەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

چوار گەنج لە شاری سلێمانی گرووپێکیان بەناوی "دەستی چاکسازی" پێکهێناوە و ئەرکی نۆژەنکردنەوەی شەقام و رێگە سەرەکییەکانیان گرتووەتە ئەستۆ؛ ئەوان دەڵێن بەبێ بەرژەوەندیی ماددی و تەنیا بۆ پاراستنی ژیانی شۆفێران ئەو کارە دەکەن و داوای هاوکاری دەکەن بۆ ئەوەی پڕۆژەکەیان رانەوەستێت.
 
راستی جەلال، ئەندامی گرووپی "دەستی چاکسازی" بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەک چوار گەنج، بەبێ هیچ بەرژەوەندییەکی ماددی و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە، بڕیارمان دا هاوکاری حکومەت و خەڵک بین بۆ پڕکردنەوەی چاڵ و تاسەی سەر شەقامەکان، بەتایبەت ئەو رێگایانەی نێوان شارەکان کە مەترسییان بۆ سەر ژیانی شۆفێران دروست کردووە."
 
بەکارهێنانی 120 کیسە قیڕ لەسەر ئەرکی خێرخوازان
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی گرووپەکە، لە ماوەی رابردوودا توانیویانە نزیکەی 120 کیسە قیڕی سارد لە چاککردنەوەی شەقامەکاندا بەکاربهێنن. کە هەر کیسەیەک قیڕ لە نێوان 35 بۆ 40 دۆلاردایە و تاوەکو ئێستا تێچووەکەی لەلایەن خەڵکی خێرخواز و خاوەنکارانەوە بۆیان دابین کراوە.
 
گرووپەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ لایەنێکی حکومی یان کۆمپانیایەک پاڵپشتی داراییان ناکات و ئەوەش وایکردووە کارەکانیان سنووردار بێت. بۆیە داوا دەکەن کۆمپانیاکان و خەڵکی خێرخواز هاوکارییان بکەن لە دابینکردنی کەرەستە سەرەتاییەکان.
 
سەبارەت بە شێوازی کارکردنیان لەسەر شەقامەکان، راستی جەلال باسی لەوە کرد کە لەکاتی چاککردنەوەی رێگە سەرەکییەکاندا هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکان دەکەن بۆ ئەوەی کارەکانیان بە رێکی بەڕێوەبچێت.
 
ئەو گەنجە خۆبەخشە دەڵێت: "چاڵ هەبووە لە شەقامەکاندا کە دەکرا ببێتە هۆی رووداوی زۆر گەورە، بەڵام ئێمە چاکمان کردووەتەوە. داواکارین هەمووان پشتگیریمان بکەن تاوەکو بتوانین بەردەوام بین."
 
بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمیی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، بەشێک لە شەقامە سەرەکی و نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان تێکچوون و چاڵ و چۆڵیان تێکەوتووە، ئەمەش وایکردووە لە چەندین ناوچە هاونیشتمانیان بەشێوەی خۆبەخشانە دەست بە چاککردنەوەیان بکەن.