کەشناسی: لە سۆران، راپەڕین و دهۆک هەورە برووسکە و باران دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سبەی دووشەممەوە پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. شارەزایەکی کەشناسیش هۆشداری لە دروستبوونی شەپۆلێکی خۆڵبارین دەدات.
 
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، لە سبەیەوە، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و ئەم دۆخە تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت. کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات کە پلەی گەرما (5 بۆ 7) پلەی سیلیزی بەراورد بە ئەمڕۆ بەرز دەبنەوە.
 
لەو ماوەیەدا، بەرزترین پلەی گەرمای سەنتەری پارێزگاکان و ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان دەچنە سەرووی 30 پلەی سیلیزی و لە ناوچە شاخاوییەکانیش پلەی گەرما لە 30 پلە نزیک دەبێتەوە.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رۆژی سێشەممە کەشێکی ناسەقامگیر روو لە ناوچەکە دەکات، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی راپەڕین، ئیدارەی سۆران و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەورە تریشقە و تاوە بارانی کورتخایەن.
 
ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشبینی دەکرێت بارستە هەوایەکی فێنک روو لە ناوچەکە بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی خۆڵبارین."
 
ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتی، خۆڵبارین لەم کاتانەی ساڵدا بەهۆی گۆڕانی وەرزەکان و بەریەککەوتنی بارستە هەوای سارد و گەرم دروست دەبێت و گوتی: "پێشبینی دەکەین شەپۆلێکی خۆڵبارین کوردستان بگرێتەوە، کاریگەرییەکەشی زیاتر لەسەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئیدارەی گەرمیان، راپەڕین و چەند ناوچەیەکی دیکە دەبێت، نەک ناوچە شاخاوییەکان."