قوباد تاڵەبانی: بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن یان پێکهێنانی کابینەی دەیەم ئامادەین
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، بۆ هەردوو بژاردەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن یان پێکهێنانی کابینەی دەیەم ئامادەن و گوتی، "بۆ پێکهێنانی حکومەت مەرجمان هەیە کە یەکێتی هاوبەشێکی راستەقینە بێت."
رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان رایگەیاند: "ئێمە دڵگرانین کە ئەم پڕۆسەیە وا درێژەی خایاند، لە یەکەم رۆژەوە لەگەڵ ئەوە بووین کە حکومەت زوو پێکبهێنرێت. ئێستاش لەو باوەڕەداین کە دەبێت حکومەتێک پێکبهێندرێت کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت."
لەبارەی شێوازی حکومەتی داهاتوو، قوباد تاڵەبانی دەڵێت: "دەبێت حکومەتێک بێت خزمەت بە هەموو پارێزگا، ناوچە، ئیدارە سەربەخۆکان، قەزا و ناحییەکانی هەرێمی کوردستان بکات بەبێ جیاوازی، دەبێت حکومەتێک بێت کە یەکێتی هاوبەشێکی راستەقینە بێت."
جێگری سەرۆکوەزیران ئامادەیی یەکێتی بۆ گفتوگۆ نیشاندا و ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە ئامادەین کۆبینەوە لەگەڵ لایەنەکان. هەرگیز نەمانهێشتووە دۆخە سیاسییەکان بە گشتی، ئەگەر لە بەرژەوەندی ئێمە بێت یان نا، کاریگەری لەسەر بۆچوونمان هەبێت بۆ پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت. ئێمە رێگایەکی راستمان هەبووە و داوامان لە هاوبەشییەکی راست کردووە، ئەگەر گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە شتێکی باشە و ئێمە ئامادەین."
قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە رەوشی ئازادیی رۆژنامەگەری لە سلێمانی کرد و رایگەیاند: "ئازادی رۆژنامەنووسان هەیە، لەوانەیە پێشێلکاری هەبێت، بەڵام کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆشنبیران و راگەیاندنکارەکان لێرە بەهێزن و لایەنە پەیوەندیدارەکان زوو فریا دەکەون، پەیوەندییەکی تەندروست هەیە لە نێوان دەسەڵات و خەڵکی سلێمانی."
زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەم پێکنەهێنراوە. قوباد تاڵەبانی گوتی: "هەڵبژاردن دووبارە بێتەوە یان کابینەی دەیەم پێکبێت، بۆ هەردووکیان ئامادەین."