ئێران و هاوکێشە نوێیەکانی ناوچەکە؛ ئیمارات و هەرێمی کوردستان وەک ئامانجێکی سەربازی


رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ بەردەوامیی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا، هێرشەکان بۆ سەر ئیمارات و هەرێمی کوردستان نەوەستاون. هەرچەندە راگەیێندراوە، ئاگربەست هەموو ناوچەکە و بەرەکانی جەنگ بە لوبنانیشەوە دەگرێتەوە، بەڵام پێدەچێت، روانگەی ئێران لە بەرامبەر ئیمارات و هەرێمی کوردستان شتێکی دیکە بێت و تاران ئەو دوو جۆگرافیایە لە دەرەوەی ئاگربەستەکە هەژمار بکات.
 
رۆژی یەکشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر دۆڵی ئالانەی سنووری هەولێر. بە پێی زانیارییەکان، بنکەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کراوەتە ئامانج.
 
ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ بارەگاکانمان لە دۆڵی ئالانەی سنووری هەولێر بە مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان کران. هێرشەکە بە سێ مووشەک بووە و زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام زیانی مادی لێکەوتووەتەوە."
 
وەزارەتی بەرگریی ئیماراتیش ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی دوو درۆن لە ئاسمانی وڵاتەکە تێکبشکێنت، کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
 
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، هەفتەی رابردووش سێ جار لەلایەن ئێرانەوە هێرشی درۆنی و مووشەکی کرایە سەر ئەو وڵاتە. لە ماوەی جەنگی 40 رۆژەشدا، دوای ئیسرائیل، ئێران زیاترین هێرشی کردووەتە سەر ئیمارات.
 
لە کاتێکدا ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە تەقینەوەی دۆخەکە پەنای بۆ جۆرێک لە "کۆنترۆڵکردنی گرژی" لەگەڵ تاران بردووە، ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران باس لە گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوکێشەی هێز دەکەن. تاران ئێستا نەک هەر وەکو هێزێکی ناوچەیی، بەڵکو وەک بڕیاردەرێکی نێودەوڵەتی مامەڵە دەکات و هەڕەشەی گواستنەوەی مۆدێلی "هێرشەکانی سەر هەولێر" بۆ سەر ئیمارات دەکات.
 
هەرچەندە سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا خاوەنی هێزێکی جەنگی زۆرە، بەڵام عەلی سەمەدزادە، پسپۆڕ و شرۆڤەکاری ستراتیجی ئێرانی پێیوایە، واشنتن بەهۆی پێویستیی بە ئارامی، لە ئاست رەفتارە هێرشبەرییەکانی ئێران بێدەنگی دەنوێنێت.
 
عەلی سەمەدزادە، شرۆڤەکار و شارەزای کاروباری سیاسی لە ئیران، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026 لە پرۆگرامێکی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئەو وڵاتەوە گوتی، ئەو فاکتەرانەی کە تاوەکو پێش ئێستا خەریکی شێوەدان و داڕشتنی هاوکێشەکانی سیاسەتی دەرەوە و نۆرمەکانی سیاسەتی دەرەوە بوون لە ناوچەکەدا، خەریکە لەناودەچن.
 
تاران هاوکێشە کۆنەکانی ناوچەکەی وەلا ناوە
 
عەلی سەمەدزادە شرۆڤەیەکی قووڵ بۆ پێگەی ئێستا و رابردووی ئێران دەکات. ئەو پێیوایە وەرچەرخانی گەورە لە ساڵی 2015 روویدا، کاتێک تاران توانی توانای سەربازیی رووسیا بۆ ناو هاوکێشەکانی سووریا زیاد بکات و خۆی وەک "هێزێکی ناوچەیی" بسەپێنێت. هەرچەندە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و رووداوەکانی "تۆفانی ئەقسا" ئێران بۆ پلەی "هێزێکی خاوەن هەژموون" دابەزی، بەڵام جەنگی دوایی ناوچەکە کە نزیکەی 40 رۆژی خایاند، هەموو شتێکی گۆڕی.
 
سەمەدزادە دەڵێت: "بەو 40 رۆژە جەنگە، ئێران هەموو رەوتە پێشووەکانی ناوچەکەی بە تەواوی وەلا نا." ئەو گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی بەبیردەهێنێتەوە کە بەر لە جەنگ دەیانگوت، ئێران لە لاوازترین سەردەمی خۆیدایە و دەپرسێت: "ئەمە چ ئێرانێکی لاوازە کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی نەیارەکانی ئەنجام دەدات و کەس ناڕەزایەتی دەرنابڕێت؟ ئەمە چ ئێرانێکە کە دەتوانێت سنوور بۆ ئیمارات و بەندەرەکانی دابنێت بەبێ ئەوەی کەس بوێریی ناڕەزایەتیی هەبێت؟"
 
عەلی سەمەدزادە لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت: "لە رەفتاری ئەمریکادا شتێک کە زۆر سەرنجڕاکێشە لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا ئەوەیە کە هێرشەکان لە ئیمارات بە واتای شکاندنی ئاگربەست نابینێت. هەر ئەو رۆژەی بەندەری فوجەیرە کرایە ئامانج کە فوجەیرە و خورفکان وەکو دوو بەندەری سەرەکیی ئیمارات لە دوای تەنگەی هورمز کەوتنە نێو چوارچێوەی جێبەجێکردنی سنووردارییەکانی ئێران، هەمان رۆژ لایەنی ئەمریکی کە پرسیاری لێ دەکرێ، دەڵێت کە ئەو رووداوانەی لە تەنگەی هورمز و لە فوجەیرە روودەدەن، پێشێلکردنی ئاگربەست نین."
 
دەشڵێت: "ئەمریکا و ئیمارات رێککەوتنی پلەی یەکی ئەمنی و بەرگرییان هەیە، کە پەیوەندی بە سەردەمی کۆمارییەکان و ترەمپەوە نییە و لە سەردەمی بایدنەوە کراوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا سەرەکیترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە کەنداو ئیماراتە. لە لایەکی دیکەوە هەموو شەوێک هەواڵی بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانی عێراق دەبیستین کە تەنانەت رۆژنامەڤانەکان ئەوە لە لایەنی ئەمریکی ناپرسن کە ئایا ئەوەی لە هەرێمی کوردستان روودەدات شکاندنی ئاگربەستە یا نا؟ واتە کۆماری ئیسلامی ئێستا دوو شوێنی هەیە کە ئەگەر لەو چوارچێوەیەدا ئۆپەراسیۆن بکات، لایەنی ئەمریکی  ئەوە بە شکاندنی ئاگربەست لە قەڵەم نادات، لانیکەم تائێستا وا بووە."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "تاران توانیویەتی درزێکی گەورە لە نێو وڵاتانی عەرەبی دروست بکات، بە جۆرێک ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کە لە بنەڕەتدا دژی ئێران دروست بووە، ئێستا لە لێواری هەڵوەشاندنەوەدایە."
 
بە بڕوای سەمەدزادە، ئێران ئێستا "هێزێکی کاریگەری نێودەوڵەتییە" چونکە کارتی "هێزی ناوچەیی" و "تەنگەی هورمز"ی پێکەوە گرێداوە بۆ کاریگەریدانان لەسەر سیستەمی جیهانی.
وەک سەمەدزادە ئاماژەی پێدەدات، تاران لە جەنگی رابردوودا "هەموو کارتەکانی خۆی دەرنەخستووە" و ئەوەی بینراوە تەنیا بەشێک بووە لەو ئامادەکارییەی کە رێبەری ئێران بۆ "جەنگێکی ناوچەیی" ئامادەی کردووە.
 
ئیمارات وەک "بنکەی دووژمن"  
 
هاوکات لەگەڵ ئەم شرۆڤانە، لێدوانە فەرمییەکانی بەرپرسانی تاران باس لە قۆناخێکی نوێ لە سیاسەتی ئێران بەرامبەر ناوچەکە و بەتایبەت هەندێک وڵاتی وەکو ئیمارات دەکەن.
 
عەلی خزریان، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، شەوی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، سیاسەتی نوێی سەربازی و بەرگریی وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئیمارات گۆڕانکاری ریشەیی بەسەردا هاتووە.
عەلی خزریان رایگەیاند، ئیدی ئیمارات بۆ ئەوان چیدیکە "دراوسێ" نییە، بەڵکو وەکو "بنکەیەکی دووژمن" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
 
"ئیمارات راستەوخۆ لە جەنگی دژ بە ئێران بەشدار بووە" 
 
ئەو پەرلەمانتارە ئێرانییە، ئیمارات تۆمەتبار دەکات بەوەی لە ململانێکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا، هاوکارییەکی هەواڵگری و سەربازیی "ئاڵۆز"ی لەگەڵ دووژمنانی ئێراندا هەبووە. عەلی خزریان گوتی: "گومانێکی جیددی هەیە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیمارات، دوای ئەوەی ئاڵای ئیمارات لەسەریان لا براوە، بەشداریی راستەوخۆیان لە هێرشەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کردبێت. بۆ ئێمە یەکلایی بووەتەوە کە نەک تەنیا بنکەکانیان بەکارهێنراوە، بەڵکو خۆشیان راستەوخۆ لە شەڕدا بەشدار بوون."
 
هاوکێشەی "هەرێمی کوردستان" بۆ ئیماراتیش جێبەجێ دەکرێت 
 
سەبارەت بە گۆڕینی شێوازی مامەڵەی تاران، خزریان باسی لەوە کرد، لە روانگەی ئێرانەوە ئیدی چەمکی "دراوسێیەتی" بۆ ئیمارات کۆتایی هاتووە. ئەو گوتی: "هاوکێشە ئەمنییەکەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، لەمەودوا ئیماراتیش دەگرێتەوە. وەک چۆن لە هەرێمی کوردستان هەر جموجۆڵێکی بنکە سەربازییەکانی دووژمن پێشوەختە پووچەڵ دەکەینەوە، بەرامبەر ئیماراتیش هەمان کار دەکەین." 
 
ئێستا ئێران دەیەوێت، بە سوودوەرگرتن لە دۆخی دوای جەنگی 40 رۆژە، شێوازێکی نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بسەپێنێت کە تێیدا هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە تای یەک تەرازوودان.
 
ئەم گوتارە نوێیەی تاران، ئەوە دەردەخات ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا، بە مانای هێوربوونەوەی ئێران لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکانی واشنتن نایەت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئێران بەکارهێنانی هێزی سەربازیی دژی هەرێمی کوردستان و ئیمارات وەک بەشێک لە چەسپاندنی پێگەی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبینێت.