800 کەمئەندامی سەنگەر مووچەی دوو مانگیان وەرنەگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 800 پێشمەرگەی کەمئەندامی سەنگەر بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکانیانەوە دوو مووچەیان وەرنەگرتووە. بەرپرسێکی کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکان دەڵێ، بەڵێن دراوە ئەم مانگە دوو مووچە پێکەوە وەربگرن.
نەسرەدین حەمەدئەمین، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی راگەیاند، 800 ئەندامی کۆمەڵەکەیان تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگەکانی یەک و دووی ئەم ساڵیان پێ نەدراوە، ئەویش بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکانیانەوە.
هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر ئەوەیە، نزیکەی 9 هەزار کەس بوون لە یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە، دۆسیەکانیان خرایە سەر وەزارەتی دارایی و مامەڵەی بەشێکیان دواکەوت.
نەسرەدین حەمەدئەمین گوتی، "بەڵێن دراوە لەگەڵ مووچەی مانگی چواردا یەک مووچەی دیکە بۆ ئەو 800 کەسە خەرج بکرێ و دوو مووچە پێکەوە وەربگرن، مووچەکەی دیکەش لەگەڵ مووچەی مانگی پێنجدا پێیان بدرێت."
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، 12ی ئادار لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "وەک بەرچاو روونییەک بۆ هەموو لایەک، زیادکردنی ناوی فەرمانبەر یان خانەنشین یان هەر مووچەخۆرێک لە لیستی مووچەی مانگانە پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم[ـی کوردستان]ـەوە نییە، بەڵکو ئەو رێکارە پەیوەستە بە وەزارەت و یەکە ژمێریاریەکانی دەرەوەی وەزارەتی دارایی."
وەزارەتی دارایی دوو خاڵی وەک "روونکردنەوە" دانابوو کە ئەمانە بوون:
1- ئەو خانەنشینانە کە ناویان لە لیستی مووچەی مانگی شوبات نییە، ژمارەیان لە 801 کەسە و کەمئەندامی سەنگەرن کە پێشتر لەسەر هێزەکانی 70 مووچەیان بۆ خەرج کراوە، لە چوارچێوەی بڕیاری گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی، بەهۆی تەواو نەبوون و پەسەندنەکردنی دۆسییەکانیان نەتوانراوە لە مانگی شوباتدا بخرێنەوە نێو لیستی مووچە، کاتێک لیستی مووچە و دۆسیەکانیان گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی، لیستی مووچەی مانگی شوبات لەبەغدا بووە.
2- لەکاتی وردبینی لە دۆسیەی ئەو خانەنشینانە دەرکەوتووە بەشێکی زۆریان (upn)یان نەبووە و بەشێکیشیان وارسن و مامەڵەی وارسیان بۆ نەکرابوو، دوای ئەنجامدانی وردبینی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە 750 خانەنشینیان دۆسیەکانیان پەسەند کراوە و لە لیستی مووچەی مانگی ئادار لە سیستمی پەیڕۆڵ داخڵ کراونەتەوە و مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە، هەر مووچەخۆرێکیش (upn)ی نەبێت ناتوانرێت داخڵی سیستمی پەیڕۆڵ بکرێت کە لە ئێستادا لیستی مووچە بەو سیستەمە ئامادە دەکرێت.
وەزارەتی دارایی لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا رایگەیاندووە، "شایستەی مووچەی سەرجەم ئەو خانەنشینانەی کە لە چەند مانگی رابردوو مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ دڵنیایی داوە کە ئەو مووچانە وەک شایستەیەک دەمێنێتەوە تاوەکو کاتی پەسەندکردنی بودجە و دواتر هەمووی بەسەریەکەوە خەرج دەکرێتەوە."