سۆما دیوار بەسەریدا رووخاوە، رووخساری شێواوە و نابیستێ؛ 'دەمەوێ بگەڕێمەوە قوتابخانە'

 
رووداو دیجیتاڵ

ساڵ و نیوێک پێش ئێستا سۆمای تەمەن 14 ساڵ دیوار بەسەریدا رووخا و تاوەکو لێواری مەرگی برد، زەبرەکەی هێندە سەخت بوو، نابیستی کردووە، تەنانەت چاویشی بۆ داناخرێت، زمانە بچکۆلەی نەماوە و خواردنی باش بۆ ناخورێت، رۆشتنی تێکچووە، قسەکردنی تێکەڵ بووە و رووخساریشی پێویستی نەشتەرگەرییە.
 
لەبەر نەبوونی و هەژاری، ساڵ و نیوێکە سۆما سۆران نەتواندراوە چارەسەر بکرێت، بۆیە بیری کردووەتەوە هەندێک شتی وردە بفرۆشێت تاوەکو پارەی نەشتەرگەرییەکانی دابین بکات، وەک خۆی دەڵێت، زۆر حەزی لە قوتابخانەیە و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە.
 
سۆما بە گریانەوە باسی لە لەدەستدانی هاوڕێکانی کرد کە وازیان لێی هێناوە و دەڵێت، "نازانم بۆ هاوڕێیەتیم ناکەن."
 
ئەو کیژۆڵەیە دەشڵێت، "قوڕگم بەردەوام ئازاری هەیە، سکیشم ئازاری هەیە، گوێم لە هیچ نییە، هەر جارەو شتێکم بەسەردێت، دەمیشم بەردەوام ئازاری هەیە."
 
دایکی سۆما بەدڵی پڕ و بە هیواوە چاوەڕێی خێرخوازێکە هاوکاریی کچەکەی بکات. بەیان لوقمان باسی لەوە کرد، سۆما زۆر حەزی لە قوتابخانەیە و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە، خەمی گەورەی ئەوەیە ناتوانێت وەک پێشتر بچێتەوە ناو هاوڕێکانی و بگەڕێتەوە بۆ خوێندنی وانەکانی، ناتوانێت وەک پێشتر تێکەڵاوی خەڵک ببێت، چونکە نابیست بووە.
 
خێزانەکەی سۆما لە گوندی 120 لە سلێمانی نیشتەجێن، لەبەر هەژاری باوک و دوو براکەی خوێندنیان پێ تەواو نەکراوە و کرێکاری دەکەن؛ بە گوتەی خۆیان، ئەگەر خانووەکەشیان بفرۆشن، ناتوانن تێچووی نەشتەرگەرییەکان دابین بکەن.
 
یەکێک لە پزیشکەکانی سۆما دەڵێت، چارەسەری زۆرێک لە کێشەکانی دەکرێت و پێویستی بە پێنج پزیشکی پسپۆڕی جیاوازە، بۆئەوەی بە لیژنە بڕیار بدەن.
 
دکتۆر میران مەولوود، پسپۆڕی نەشتەرگەریی شەویلگە و رووخسار ئاماژەی بەوە دا، ئەم منداڵە پێویستی بە کۆمەڵێک پشکنینە، دوای ئەوە بڕیار دەدرێت چی چارەسەرێکی پێویستە بۆی بکرێت، هەموو چارەسەرەکانیش لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، مەگەر چەند شتێکی کەم نەبێت کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
 
خوشکە جمکەکەی سۆماش بەهۆی خەمی خوشکەکەی، پێکەوە لە خوێندن دابڕاون، ئێستا خەونیانە تاڕادەیەک ژیانی سۆما ئاسایی ببێتەوە و بگەڕێنەوە بۆ خوێندن.