هاونیشتمانیانی رۆژئاوا پاڵپشتی، باکوور هاوکاریی و باشوور یەکڕیزیی لە نێچیرڤان بارزانی داوادەکەن
رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ 10-06-2020 ساڵێك بەسەر دەستبەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت. هاونیشتمانییانی کوردستان پەیامیان هەیە بۆی.
کەرکووکییەکان: ئومێدمان پێیەتی بۆ چارەسەری کێشەکانی کەرکووک
بۆچوونی خەڵكی کەرکووک لەبارەی ساڵێكی سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی وەرگیراوە. دەڵێن کەسێكی میانڕەوە و بووەتە چەتری کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکان، ئومێدیان پێیەتی رۆڵی زیاتری هەبێت لە چارەسەری کێشەکانی کەرکووک.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ساڵی رابردوو لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش داوای گفتوگۆیەکی چڕی کرد لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ جێبەجێکردنی دەستووری عێراق. نامەکە دوای زۆربوونی رووداوەکانی کوشتن و دەرکردنی کورد لە گوندەکانی کەرکووک بوو. نێچیرڤان بارزانی داوای رۆڵگێڕانی سەرەکی نەتەوەیەکگرتووەکانی لە دەستپێكردنی "دایەلۆگێكی چڕ" لەنێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق کردبوو.
دانیشتووانی قامشلۆ داوای بەردەوامیی هاوکارییەکانی نێچیرڤان بارزانی دەکەن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵێکی سەرۆکایەتیدا هەوڵیداوە لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان لێکدی نزیکببنەوە. مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە پاڵپشتی رۆژئاوای کوردستان و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەمیان بەرزدەنرخێنێت.
لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو یەکەم لایەن هاوکاری پزیشکی و 20 پزیشکی پسپۆڕی ناردە رۆژئاوای کوردستان. خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لەوبارەوە بۆچوون و قسەیان وەرگیراوە، پرسیار لە خەڵك کراوە: سەرۆکی هەرێمی کوردستان چ بکات لە ساڵی دووەمی سەرۆکایەتی؟، خەڵك داوادەکەن بەردەوام بێت لە دەستکراوەیی بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان و پاڵپشتییەکانیشی بەردەوام بن .
10-6-2019 نێچیرڤان بارزانی وەك دووەمین سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربوو، سێ رۆژ دوای دەستبەکاربوونی و لە 13-10-2019 ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەستیپێكرد. نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا، ناوچەكە و جیهان هەوڵی راوەستاندنی شەڕی دا. لەگەڵ ئەمریكا و فەرەنسا، هانی هەردوولایەنی سەرەكی دا لە رۆژئاوای كوردستان بۆ دەستپێكردنی دانوستاندن.
كشانەوەی رێكخراوە جیهانییەكان و نەگەیشتنی هاوكاری تەندروستی، رۆژئاوای كوردستانی بەرەوڕووی كێشەی جیدی كردەوە.
رۆژی 9ی نیسانی 2020 بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی تاقیگەی پشكنینی كۆرۆنا و ئامێر و راهێنەری تایبەت بۆ رۆژئاوای كوردستان نێردران. رۆژی 23ی نیسان بەشی دووەمی تاقیگەی دیكەی تایبەت بە پشكنینی كۆرۆنا و هاوكاری پزیشكی لەسەر بودجەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیێندرانە قامشلۆ.
دانیشتووانی ئامەد: نێچیرڤان بارزانی هاوکارمان بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان
رووداو پرسیاری لە دانیشتووانی ئامەد کردووە لەبارەی ئەوەی دەیانەوێت لە ساڵی دووەمی سەرۆکایەتیدا نێچیرڤان بارزانی چ بکات؟ ئەوانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە داوادەکەن، رۆڵی هەبێت لە چاککردنەوەی هەندێک پرس کە پێشتر بە گوتەی ئەوان تێکچوون، لەوانە زمان و هەستی نیشتمانپەروەری. داوا دەکەن هاوکاربێت لەو پرسەدا. خەڵكی ئامەد داوا دەکەن وەکو سەرۆکی بەشێکی کوردستان مامەڵە نەکات و لە چارەسەری کێشەکانی باکووری کوردستانیش هاوکاربێت.
رۆژی 28-05-2019 پەرلەمانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی وەك دووەمین سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژارد. لە 31-05-2019 سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند كە پشتگیری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی لە پێگەی تازەیدا درێژە پێدەدەن.
لە 10-06-2019 وەزیری دەرەوەی توركیا بە نوێنەرایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانیدا بەشداربوو.
نێچیرڤان بارزانی رۆڵێكی سەرەكی هەبوو لە لێكنزیككردنەوەی ئەنقەرە و پارتی كرێكارانی كوردستان و دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی. ساڵی 2014 عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەڕێگەی لەیلا زاناوە سوپاسی هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی كرد لە هێنانەكایەی پرۆسەی ئاشتی.
لە 10 ساڵی رابردوودا، جەختی لە پێویستی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد لە توركیا و گرنگی لەدەستنەدانی هیچ دەرفەتێك بۆ ئاشتی كردووەتەوە.
پەیوەندی سیاسی و ئابووری هەولێر و ئەنقەرە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانە 11 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و رەخساندنی بازاڕ و هەلی كاری بۆ هەزاران كارساز و كرێكار لە هەردوولا لێكەوتووەتەوە و بووژانەوەیەكی زۆری بەخشیوەتە ناوچەکانی نزیك لە سنووری هەرێمی كوردستان.
دنیادیدەیەکی هەولێر: نێچیرڤان بارزانی رکابەری یەکێتی و پارتی نەهێڵێت بەسە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سیاسەتی نەرم لە نێوخۆ و بەهێز لە دەرەوە ناسراوە. هەوڵەکانی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی گوتاری لایەنەکان بەرامبەر بەغدا لە ماوەی ساڵێکی سەرۆکایەتیدا رەنگیداوەتەوە.
بۆچوونی خەڵکی هەولێر لە نووسەر و کاسبکار و رۆشنبیران وەرگیراوە، پیاوێکی بەتەمەنی دنیادیدەی هەولێر کە پیشەی بەرگدرووە دەڵێت "نێچیرڤان بارزانی رکابەری یەکێتی و پارتی نەهێڵێت بەسە و هیچی دیکە نەکات".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵی لێکنزیککردنەوەی لایەنەکانی داوە، لەم ڤۆکس پۆپەی رووداو بۆچوونی خەڵكی هەولێر لەبارەی ساڵێکی سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی وەرگیراوە.
نێچیرڤان بارزانی هەولێر بە قەڵای مەردایەتیی و هێزی گەورە و سەرەكی پێكەوەبوون و یەكبوونی نەتەوەی كورد و هەموو گەلی كوردستان ناو دەبات. لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی ئەودا، هەولێر گەشە و گۆڕانکاریی خێرای بەخۆوە بینی. چەند ساڵێكە هەولێر یەكێكە لە شارە پێشكەوتووەكان و پایتەختە گەشەسەندووەكانی ناوچەكە.
گەنجانی سلێمانی: نێچیرڤان بارزانی رۆڵی لە یەکڕیزیی لایەنەکاندا هەیە
لە سلێمانی بۆچوونی گەنج و پیر لەبارەی ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی وەرگیراوە، ئەوەی قسەی بۆ رووداو کردووە رۆڵی ئەو لە یەکڕیزیی لایەنەکانی کوردستان دەبینن.
لە سلێمانی بۆچوونی گەنج و پیر لەبارەی ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی وەرگیراوە، ئەوەی قسەی بۆ رووداو کردووە رۆڵی ئەو لە یەکڕیزیی لایەنەکانی کوردستان دەبینن.
نێچیرڤان بارزانی لە دایكییەوە نەوەی حەمەی ئەوڕەحمان ئاغای كەسایەتی نیشتمانی و ناسراوی سلێمانییە. لە راپەڕینی ساڵی 1991 لەگەڵ پێشمەرگەدا بەشداری راپەڕینی سلێمانی كرد وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی.
نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەكانیدا بۆ سلێمانی جەخت لەسەر پێویستی ئارامی و پێشكەوتنی ئەو شارە دەكات و كردییە پایتەختی رۆشنبیری. دەسەڵاتی دەدایە پارێزگار و بودجەی بۆ هەموو پڕۆژە گەورەكانی سلێمانی تەرخانكردووە.
لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان و یەكێتی لە ساڵی رابردوودا رۆڵی بەرچاوی گێڕا، هەروەها لە گرژییەكانی پارتی و یەكێتی لە زینێ وەرتێ، هێوركردنەوەیەكی زۆری دروستكرد.