خالید شوانی دوای پەسەندکردنی مادەی 14: هەرێمی کوردستان لەت نابێت


رووداو دیجیتاڵ

خالید شوانی، سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری یەکێتی لە بەغدا دەڵێت، زۆرینەی بڕگەکانی مادەی 13 و 14 لە پڕۆژەیاسای بودجە بە رێککەوتن کراوە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق؛ تەنیا یەک بڕگە نەبێت کە دەنگی لەسەر درا لە پەرلەمان.
 
خالید شوانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دوای دەنگدان بە مادەی 14 رایگەیاند، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگ بوو کە ئەو پارەیەی لە بەغداوە دەچێتە هەرێمی کوردستان، بدرێتە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و نەچێت بۆ شوێنی دیکە و قەرزی کۆمپانیا. 
 
ئەو بڕگەیەی کە لە مادەی 14دا بە دڵی یەکێتی پەسند کرا و پارتی لێی ناڕازییە، دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی بنەماکانی ئەم یاسایە، بەپێچەوانەی ئەوە، لەسەر سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی، لەنێویاندا "تەمویلکردن" واتە پارە راستەوخۆ بداتە پارێزگاکان.
 
لەوبارەوە خالید شوانی باسی لەوە کرد، ئەو پارەیەی کە بۆ پڕۆژەکان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەدرێت بە هەرێمی کوردستان، دەبێت بە یەکسانی بەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێت، ئەگەر ئەوە نەکرا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەتوانێت راستەوخۆ لە بەغداوە پارەی ئەو پارێزگایە خەرج بکات کە ناڕازییە. 
 
سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری یەکێتی لە بەغدا پێیوایە کە بە پەسندکردنی ئەو مادەیە، "ستەم لە هیچ پارێزگا و فەرمانبەرێک "لە هەرێمی کوردستان ناکرێت و "دەبێت بە یەکسانی مووچەیان بە هەموو پارێزگاکان بدرێت."
 
لەبارەی ئەوەی کە پارتی پێیوایە ئەو بڕیارەی یەکێتی هەوڵێکە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان، خالید شوانی روونیکردەوە، "ئەمە دابەشکردن و کێشە نییە بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەمە دانراوە وەکو زەمانەت، ئەگەر عەدالەت نەبوو، ئەوکات حکومەتی عێراق تەداخوول دەکات." گوتیشی، "یەکێتی بەرگریی لە مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە."