تەندروستیی کەرکووک رەتیدەکاتەوە بڕیاری قەدەخەکردنی گواستنەوەی مەڕوماڵات بۆ هەرێمی کوردستان درابێت


رووداو دیجیتاڵ

دوای دەرکەوتنی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک، تەندروستیی پارێزگاکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ قەدەخەکردنی گواستنەوەی مەڕوماڵات لە نێوان کەرکووک و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

زیاد خەلەف، بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای کەرکووک رۆژی شەممە، 10-06-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تائێستا سێ تووشبووی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک تۆمارکراون. تووشبویەک چاکبووتەوە، دووەم تووشبوو لە نەخۆشخانەیە و سێیەمیش گیانی لەدەستداوە". 
 
تای خوێنبەربوون زیان بە موولوولە تەنکەکانی خوێن دەگەیێنێت و دووچاری خوێنبەربوونیان دەکات؛ ڤایرۆسەکە خوێن مەیاندن دروستدەکات و لەئەنجامدا خوێنبەربوونی نێوخۆیی لێدەکەوێتەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو دروستدەکات. سەبارەت بە ئەگەری قەدەخەکردنی گواستنەوەی مەڕوماڵات لە نێوان پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک گوتی، "تائێستا هیچ بڕیارێک لەوبارەوە نییە". 
 
لەسەرەتاى ئەمساڵەوە زیاتر لە 140 تووشبووى تاى خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون کە 22یان گیانیان لەدەستداوە؛ دوو لەوانەى گیانیان لەدەستداوە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بوون.
 
ئەو ڤایرۆسەی دەبێتەهۆی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە کریمیا دۆزرایەوە، هەربۆیە ناوی لێنرا پەتای خوێنبەربوونی کریمیا؛ لەساڵی 1956 نەخۆشییەکی هاوشێوە لە وڵاتی کۆنگۆی دیموکرات دۆزرایەوە؛ لە ساڵی 1969 دەرکەوت کە ڤایرۆسی کریمیا و کۆنگۆ هاوشێوەن و بۆیە ناوی هەردوو ناوچەکەی پێوە لکێندرا.
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێت. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10٪ بۆ 40٪ـە. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ کە رێگەکانی گواستنەوە بریتین لە:
 
- لەکاتی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی کوشتنی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
- بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک