پرژە لە تەممووزیشدا بەفری لێیە، گەشتیارێک: وامان لێهاتووە هەر نەڕۆینەوە


رووداو دیجیتاڵ 

لە ڤیدیۆکەدا هاوینەهەواری پرژە دەبینن، هاوینەهەوارێک لە مانگی تەممووزیشدا سەوزایی و کەشوهەوای ناوەڕاستی وەرزی بەهارە. نازیلە حامید لە هەلێرەوە 170 کیلۆمەتری بڕیوە بۆ بینینی توونێلە بەفرینەکان، لە ئاوی بەفراو دەخواتەوە و وێنەی یادگاری لەگەڵ دەگرێت.
 
نازیلە بە رووداوی گوت، "پێشتر لە وێنەدا بینیبووم، دەمێکە نیازمانە خۆمان سەردانی بکەین، بەڕاستی کە هاتم و لەو گەرمایە بەفرم بینی، لام سەرنجڕاکێش بوو."
 
رۆژانە ژمارەیەکی زۆری  گەشتیار بۆ بینینی بەفری پڕژە رێگەی دوور دەبڕن، زۆربەیان سمارت فۆنەکانیان بە دەستەوەیە و دەیانەوێت دیمەنی نایابی ئەو شوێنە بە یادگاری لایان بمێنێتەوە.
 
بە درێژایی رووبارەکە، چوار گوند و کۆمەڵگەی گەشتیاری، 23 هاوینەهەواری لەسەر دروستکراون، نزمی پلەکانی گەرما و سرووشت و ژینگەیێکی نایاب، تەواوی ناوچە گەشتیارییەکانی پڕکردووە لە گەشتیار.
 
ئەمەل زرار، گەشتیارێکی دیکەیە و بە رووداوی راگەیاند، شوێنەکە سەرنجڕاکێش و دڵڕفێنە، بەڵام نەبوونی هێڵی ئینتەرنێت کێشەیە. "هێڵی ئینتەرنێت لاوازە و هەر نییە."
 
سرووشت و ژینگەکەی، هەوای پاک و ئاوی سازگاری ئەو ناوچەیە وای کردووە ژمارەیەک لە خێزانەکان شەوانیش لەژێر کەپرەکاندا بمێننەوە. گەشتیارێک دەڵێت، "وامان لێهاتووە هەر نەڕۆینەوە."
 
لە سنووری باڵەکایەتی شوێنی پشوودانی نزیکەی هەزار گەشتیار هەیە، کەچی لە رۆژانی پشوودا زیاتر لە پێنج هەزار سەردانیکار و گەشتیار رووی تێدەکەن.
 
ناوچەکە خاوەنی پێنج رووبارە، 83 ناوچەی گەشتیاری تۆمارکراوی لێیە. لە ماوەی چوار ساڵی رابردووشدا زۆربەی وەبەرهێنانی لە لایەن کەرتی تایبەتەوە لە کەرتی گەشتوگوزاردا بووە.