سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ بنەماڵەی پێشەوا قازی: خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم
رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی کۆچی دوایی عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆک مەسعود بارزانی پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵەی پێشەوا قازی کرد و دەڵێت، "خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم."
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی تەممووزی 2022، عەلی قازی کوڕە تاقانەکەی پێشەوا قازی محەممەد لە کاژێر 05:00ی بەیانی لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
عەلی قازی محەممەد لە ساڵی 1933 لە شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە؛ کاتی راگەیاندنی کۆماری کوردستان تەمەنی 13 ساڵ بووە، ماوەیەک سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان بوو و دواتر بەهۆی نەخۆشییەوە دەستبەرداری پۆستەکەی بووە.
سەبارەت بە کاتی لەسێدارەدانی قازی محەممەد و هاوڕێکانی، عەلی قازی محەممەد لەکاتی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لە ئاداری 2014 گوتی، حکومەتی ئێران دەیویست تەرمی پێشەوا و هەڤاڵانی چەند رۆژێک بە سێدارەوە بهێڵێتەوە، بەڵام بەهۆی دانیشتووانی مەهابادەوە ئەو کارەی بۆ نەکرا.
عەلی قازی تەنیا کوڕی قازی محەممەد بووە، باوکی چوار کوڕ و کچێکە.
دەقی پرسەنامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی (کاک عەلی قازیی کوڕی پێشەوا قازی محەمەد)ـم بیست.
پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی تێکۆشەر و نیشتیمانپەروەری پێشەوا قازی دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
لە خودای گەورە داواکارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو کاک عەلی قازی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
۱٠ـی تەمموزی ۲٠۲۲