بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان لە ئیسپانیایە


رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداربوون لە شانزەیەمین كۆنفرانسی یەكێتیی زانایانی نێودەوڵەتیی جینۆساید لە بارسێلۆنایە. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، ئامانجی سەرەکیی شاندەکەیان ناساندنی جینۆسایدی گەلی کوردە بە وڵاتان.
 
شاندەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە بارسێلۆنا؛ رۆژی 10ـی تەمموزی 2023، عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتەکە و ئەندام لە شاندەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئامانجی سەرەکیی وەزارەتەکەمان ناساندنی جینۆسایدی گەلەکەمانە، بەتایبەت ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان؛ سەردانەکەشمان بە ئامانجی ناساندنی ئەو تاوانانەیە بە وڵاتانی جیهان."
 
عادل مەلا ساڵح گوتیشی، "دەمانەوێت هەوڵبدەین بۆ پاڵپشتی زیاتر و رەواییدان بە کەیسەکانی جینۆسایدی گەلی کورد؛ ئومێد وایە لەم کۆنفرانسەدا کاری گەورە بکرێت بۆ دانپێدانانی وڵاتان بە کەیسەکانی جینۆسایدی گەلی کورد."
 
شاندەکەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیر، بەرەڤان حەمدی، بریكاری وەزارەت و ژمارەیەك لە راوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتەکە پێکهاتووە.
 
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتەکەشدا لەبارەی سەردانی شاندەکە هاتووە، لە کۆنفرانسەکەدا رێکخراوی لۆبی سەنتەر پانێڵێک لە بارەی کەیسەکانی جینۆسایدی گەلی کورد لە چوارچێوەی چەند توێژینەوەیەکی یاسایی و بەڵگەییدا پێشکێش دەکات، کە بەهاوکاری وەزارەتی شەهیدان ئامادەکراوە.