لە سلێمانی کرێکارێک بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەست دا
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، لە یەکێک لە رێستۆرانتەکانی سلێمانی کرێکارێک بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەست دا.
رۆژی پێنجشەممە 10ـی تەممووزی 2025، کاوە شێخ سەلام، جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کرێکارەکە لە نەتەوەی عەرەبە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەکاتی کارکردنی لە شوێنی کارەکەی لە رێستۆرانتێکی سلێمانی گیانی لەدەست داوە.
بە گوتەی کاوە شێخ سەلام، راستەوخۆ دوای رووداوەکە تیمەکانیان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە. گوتیشی: "لە هۆکاری رووداوەکە دڵنیابووینەتەوە کە بەهۆی تەزووی کارەبا بووە، لێکۆڵینەوەکە لەلایەن پۆلیسەوە بەردەوامە".
ئەو کرێکارە ناوی غەزوان سلێمانە، پیشەی کارەباچییە؛ خەڵکی دیالەیە و تەمەنی 30 ساڵە.
بەپێی ئامارەکانی لقی سلێمانی سەندیکاکانی کرێکاران، ئەم ساڵ 8 کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەست داوە.