پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە و لە گەرمیان دەگاتە 50 پلە


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سبەینێوە پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، لە گەرمیان پلەی گەرما دەگاتە 50 پلەی سیلیزی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلەی گەرمای ئەمڕۆ هاوشێوەی دوێنێ دەبێت و ئاسمانیش ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. لەبارەی سبەینێوە، کەشناسی دەڵێت: "پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە".
 
محەممەد کەمال، پێشبینکاری کەشوهەوا ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "لە سبەینێوە بە چەند قۆناخێک پلەی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەکات، ئەمەش بەهۆی کاریگەریی بارستە هەوایەکی گەرم و شێداری زەریای هیندییەوەیە".
 
بەگوتەی ئەو کەشناسە، سەرەتای هەفتەی داهاتووە تاوەکو نێوەڕاستی هەفتەکە "گەرمترین" رۆژەکانی ئەم ساڵ دەبێت، بە جۆرێک لە گەرمیان دەگاتە 50 پلە.
 
محەممەد کەمال پێشبینی کرد، ئەو گەرمایەی بڕیارە ناوچەکە بگرێتەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پلەی گەرمای سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دیاریکردووە:
 
هەولێر: 44 پلەی سیلیزی  
سلێمانی: 42 پلەی سیلیزی
دهۆک: 42  پلەی سیلیزی
کەرکووک: 45 پلەی سیلیزی  
زاخۆ: 43 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 42 پلەی سیلیزی
سۆران: 40 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 26 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 45 پلەی سیلیزی