رووداو پڕۆژەی "باڵدار" رادەگەیێنێت؛ 114 کورسیی خوێندنی ماستەر بۆ قوتابییان دابین دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

رووداو ئیڤێنتی سکۆڵەرشیپی "باڵدار" بۆ خوێندنی ماستەر رادەگەیێنێت، کە بەهاکەی زیاتر لە 3.4 ملیۆن دۆلارە. لە پڕۆژەی سکۆڵەرشیپی باڵدار 114 دەرچووی زانکۆ سوودمەند دەبن.
 
30 سەرمایەدار و کەسایەتی هەرێمی کوردستان پارەی کورسییەکانی ماستەریان لە ئەستۆ گرتووە.
 
دابینکردنی بەشێکی کورسییەکان لەلایەن ئەم کەسایەتی و سەرمایەدارانەوە بووە:
 
- ئیدریس نێچیرڤان بارزانی 40  کورسی
- سەردار بیبانی، خاوەنی سەردار گرووپ و تۆیۆتای عێراق 10 کورسی
- مەلا یاسین، خاوەنی کۆمپانیای بەڕێز 6  کورسی
- دکتۆر نەوزاد باجگر، سەرۆکی دەستەی بۆردی زانکۆکانی جیهان 5  کورسی
- کەمال ئاغا گەردی، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی هەرشەم 4کورسی
 
کورسییەکانی دیکەش لەلایەن میوانانی دیکەی بەشداربووی پاشیڤی رووداوەوە دابینکراون.
 
ئەم پرۆژە گەورەیە، کە خەونی 114 خوێندکار و گەنجی زیرەک و بە توانای کوردستان بەدیدەهێنێ، دەسکەوتی بەرنامەی پاشیڤی رووداوە، کە لە مانگی رەمەزانی ئەم ساڵدا پێشکێشکرا و میوانداری سەرمایەدارەکانی هەرێمی کوردستانی دەکرد.
 
ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، کاتێک داوای بەشداریکردنی لە پڕۆژەکەدا لێکرا، خەرجی دابینکردنی 40  کورسی ماستەری گرتە ئەستۆ.
 
ئیڤێنتەکەی رووداو بە سپۆنسەری ڤیژن ئیجیوکەیشن بەڕێوەچوو.
 
لە یەکی ئاب، دەرگای پێشکێشکردنی داواکاری دەکرێتەوە، ئەوانەی بەکالۆریۆسیان هەیە و دەیانەوێ لە دەرەوە ماستەر بخوێنن، دەتوانن لەم وێبسایتەوە داوای وەرگرتن بکەن .WWW,BALDAR.KRD
 
هەڵبژاردنی گەنجەکان لەسەر بنەمای توانستە سەلمێندراوەکانیان دەبێت.
 
بێستوون عوسمان، پێش دەستپێکردنی ئیڤێنتەکە لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ـدا گوتی، "لە رۆژی یەکی ئابەوە وێبسایتی باڵدار کارا دەکرێت، هەموو دەرچووانی هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن."
 
بێستوون عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە نێوان رەگەزی مێ و نێر یەکی 50٪ وەردەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدرێت پشک بە برایانی ئێزدی، تورکمان و پێکهاتەکانی دیکەش بدرێت."
 
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە ئیڤێنتەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "دارا 114 کورسی خوێندنی ماستەری دی، رەوانت شادبێت مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار کە لە رۆژگارێکی سەخت دا پەرتووکی ئەلفوبێی کوردیت بە شێوەیەکی شیرین بۆ داناین و ئەمڕۆ بەو زمانەی لە پەرتووکی ئێوەوە فێری بووین پڕۆژەیەکی پەرەپێدانی زاستی رادەگەیێنین."
 
 
ئاکۆ محەممەد گوتی، "سکۆلەرشیپی باڵدار بەرهەم و ئەنجامێکی پرۆگرامی پاشیڤی رووداوە، کە بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە تەلەڤزیۆنی رووداو و دیجیتاڵ میدیا و رادیۆی رووداوەوە دەگەیشتە خەڵکی کوردستان."
 
لەبارەی دانانی پلانی بەرنامەی بەرنامەی پاشیڤی رووداو، بەڕێوەبەری گشتی باسی لەوە کرد، دوای دانانی پلانی بەرنامەکە "پێشنیازمان بۆ هاوکاری خۆشەویستمان بێستوون عوسمان کرد، بە رێزەوە پەسەندی کرد و، بە هێز و لێزانیی خۆی کردی بە نێودارترین بەرنامە لە مانگی رەمەزان  دا بۆ بینەرانی کورد و کوردیزان لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان، هەروەها هەر خۆی پێشنیازی ئەوەی خستە سەر کە تێچووی خوێندنی ماستەر لە سەرمایەدار و کەسایەتییەکانی کوردستان وەربگرێت بۆ ژمارەیەک لە خوێندکارانی کوردستان."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوەکرد، "پاشیڤی رووداو لە مانگی رەمەزان دا بووە باسی ماڵەکانی کوردستان و سۆشیال میدیای کوردستان . تۆڕی میدیایی رووداو شانازی دەکات کە ئەمڕۆ بەرهەمێکی نایابی ئەو بەرنامەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەی سکۆلەرشیپی باڵدار دا پێشکەشی کچ و کوڕانی کوردستان دەکات."
 
ئاکۆ محەممەد گوتیشی، "ئەم پڕۆژەیە لە 114 کورسیی خوێندنی ماستەر لە زانکۆکانی دەرەوەی کوردستان پێکهاتووە و، لە سەرەتای مانگی داهاتوودا بەپێی رێوشوێنێکی زانستی و دیاریکراو دەست بە وەرگرتنی داوای ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت سوود لەو پڕۆژەیە وەربگرن."
 
پڕۆژەکە بە هاوکاری سەرمایەداران و کەسایەتییەکانی کوردستان دابین کراوە ئاکۆ محەممەد گوتی، "سوپاسی یەکە بە یەکەی ئەو 30 کەسایەتییە دەکەم کە ئەرکی دابینکردنی خوێندنی ماستەری 114 گەنجی کوردستانیان قبوڵکرد."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو سوپاسێکی تایبەتی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی کرد، کە 40 کورسی خوێندنی ماستەری لە چوارچێوەی پڕۆژەی باڵداردا بۆ کچان و کوڕانی کوردستان دابین کرد و گوتی، "بەهۆی بەڕێزیانەوە ژمارەی کورسییەکان بووە 114 کورسی کە ژمارەیەکی زۆرە."
 
لەبارەی پاڵپشتیی سەرمایەدارانەوە ئاکۆ محەممەد رایگەیاند، "سەرمایەدارانی کوردستان، بە بیر و بەرهەمیانەوە کۆڵەکەیەکی پێشکەوتنی کوردستانن، لە ناخۆشترین دۆخەکان دا هاوکاری خەڵکی کوردستان و پشتیوانی بەرگریکردن بوونە لە کوردستان. پڕۆژەکانی سەرمایەدارانی کوردستان وڵاتیان رازاندووەتەوە و هەلی کاریان دروستکردووە."
 
دووپاتیشی کردەوە، "ئێمە لە رووداو هاوکاریی سەرمایەدارانی کوردستان لەکاتی شەڕی داعش دا لە بیر ناکەین کە بە بڕی 18 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار و چەندین یەکەی نیشتەجێبوون و خەرجی خوێندن هاوکاری خێزانی شەهیدانی شەڕی داعشیان کرد، دوای 10 ساڵ جارێکی دیکە سوپاسیان دەکەینەوە."
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی پێدەکات، "تۆڕی میدیایی رووداو هەمیشە بیری لە پێشکەوتنی گەنجان کردووەتەوە ، سەرکەوتنی خودی رووداویش بەرهەمی لێهاتوویی گەنجانی کوردستانە، ئەو 114 کورسی خوێندنە دیارییەکی رووداوە بۆ گەنجان و، رووداو لە خزمەتکردنی گەنجانی کوردستان ناوەستێت و بەردەوام پڕۆژەی دەبێت، چونکە گەنجان گەرەنتی مانەوە و هێزی پێشکەوتنی کوردستانن."
 
ئیڤێنتەکەی رووداو، لە نێو زانکۆی کوردستان- هەولێر بەڕێوەچوو.
 
د. زانا ئیسماعیل، سەرۆکی زانکۆی کوردستان- هەولێر، لە گوتارێکدا رایگەیاند، "پڕۆژەی باڵدار، پڕۆژەیەکی نیشتمانی و نەوعییە، کە بۆ یەکەمجار دەیان گەنج و لاوی هەرێمەکەمان سوودمەند دەبن لە هەلی خوێندنی باڵا لە باشترین زانکۆکانی جیهان، ئەمەش بە پاڵپشتی چەندین دامەزراوەیە، پاڵپشتیکردنی خوێندن مەرج نییە تەنیا لەسەر کەرتی گشتی خوێندن، بەڵکو دابینکردنی هەلی خوێندن لە زانکۆکانی ناوەوە و دەرەوە، دەکرێت دەستپێشخەرییەکی تازەی کەرتی تایبەت بێت. هیوادارم ئەمە دەستپێکی نەریتێکی تازەبێت و ببێتە کەلتوور."
 
د. زانا گوتی، "ناردنی گەنجان بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات، سەرمایەگوزارییەکی براوە و درێژخایەنە، دروستکردنی توانا و لێهاتوویی و پسپۆڕییە لە سەرجەم بوارەکاندا."
 
وەک سەرۆکی زانکۆی کوردستان ئاماژەی پێدەکات، "زانکۆی کوردستان- هەولێر بە شانازییەوە دەبێتە چەقی جێبەجێکاری ئەم پڕۆژەیە، ئەرکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە رووی جێبەجێکردن و یارمەتیدانی بەربژێرەکان لە ئەستۆ دەگرێت، پڕۆسەی هەڵبژاردنی قوتابییان لەسەر بنەمای توانست و بێلایەنی و لێهاتوویی دەبێت، بەشێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە."
 
لە ئیڤێنتەکەدا، سەرمایەدار و کەسایەتییەکان، بەڵگەنامەی دامەزراندنی سکۆڵەرشیپی باڵداریان واژۆکرد.
 
لە کاتی واژۆکردنی بەڵگەنامەکەدا، مەلا یاسین، سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان گوتی، "خۆشحاڵم کە لە هەڵمەتێکی نیشتمانی دیکەی رووداودام، رووداو لە رابردوودا دەیان هەڵمەتی نیشتمانی کردووە، ئومێدمان بەرزە کە ئەم هەڵمەتەی باڵدار، لە هەڵمەتەکانی دیکە و زیاتریش جێگەی خۆی بگرێت."
 
مەلا یاسین گوتیشی، "هیوادارم رۆژێک بێت لە شاشەی رووداو بیبینم، ئەم 114 کورسییە، ببێتە 1400 کورسی."