ئەردۆغان و باخچەلی دوور لە چاوی کامێراکان کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی مەهەپە لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. تاکە مژاری کۆبوونەوەکە پرۆسەی دانانی چەکی پەکەکە بووە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی تەممووزی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆشکی بێشتەپە-ی سەرۆکایەتیی کۆمار پێشوازی لە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کرد. کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی کامێراکان و بە داخراوی بە رووی راگەیاندن و میدیاکان بەڕێوەچوو.  
 
هەرچەندە تاوەکو ئێستا راگەیێندراوی فەرمیی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام میدیای تورکیا کۆبوونەوەکە بە هەستیار ناودەبەن. 
 
میدیای تورکیا دەڵێن، ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە بڕیارە سبەی هەینی 11ـی مانگ، گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا چەکەکانیان دابنێن. ئەردۆغان و باخچەلیش کە پێکهێنەری سەرەکیی هاوپەیمانی جمهوورن، راستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەی ئاشتی دەکەن. 
 
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.