ئاوی سەراوی سوبحان ئاغا وشکی کردووە و خەڵک بە کڵاشەوە هاتووچۆی تێدا دەکەن

 
رووداو - سەیدسادق

لە 30 ساڵی تەمەنیدا یەکەمجارە کانی و حەوزەکەی سەراوی سوبحان ئاغا بەو شێوەیەی ئێستا کەم ئاو دەبینێت. بیرەوەریی منداڵی و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی بەشێک لە گوندنشینان خەریکە بە تەواوی وشک دەکات.
 
رێباز تەها، جووتیار و دانیشتووی گوندی سەراوی سوبحان ئاغا دەڵێت "بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی ئاوی سەراوی سوبحان ئاغا وشک دەکات، ناتوانین کشتوکاڵ بکەین، چونکە وشک دەکات، هەروەها بەشێکی گوندەکە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی لەوێوە بوو، بەڵام ناچار ئێستا لە سەرچاوەی دیکەوە پەیدای دەکەن".
 
سەراوی سوبحان ئاغا یەکێکە لەو گوندانەی تێکەڵی قەزای سەیدسادق بووە، خاوەنی ئاوێکی زۆرە و لە ژێر زەوییەوە هەڵدەقوڵێت، لەڕێگەی گلدانەوەی ئاوەکەیەوە بووەتە شوێنی مەلەوانی و کات بەسەربردن.
 
شاهۆ رەشید، دووکاندار باسی لەوە کرد "ئەمڕۆ هاتم، گوتم کاژێر 10:00ی بەیانییە و ئێستا چۆڵە، مەلە دەکەم، چونکە ئاوەکەی پاکە و لێڵ نییە، یەکەمجارەمە ئەمساڵ بێم، کەچی ئاوەکە وشکانییە، ئێستا بە کڵاشەوە لە ناوەڕاستی شوێنی ئاوەکەی پێشووم، بەڕاستی ناخۆشە".
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێر زەوی، زیاتر لە 30%ی کانیاو و سەرچاوەکانی ئاو لە سنووری سلێمانی بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانکاریی کەشوهەوا وشکیان کردووە یان کەمیان کردووە.
 
عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی رایگەیاند "گەر بارانبارین زیاد بکات و وڵاتانی دراوسێ ئاوی بەنداوەکانیان زیاد بکات و سەرپێچی نەکرێتەسەر ئاوی ژێر زەوی بە هەڵکەندنی بیر، ئەوا چاوگی ئاوەکان دەژێنەوە و سەراوی سوبحان ئاغاش سەرچاوەکەی دەژێتەوە".
 
ناوی سەراو لە شوێنەکەیەوە هاتووە کەوا لەسەر سێ کانیاو بە ناوەکانی سەترە، قەڵابۆ و چاوگە هاتووە؛ دەگوترێت مێژووەکەی بۆ 6000 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بە هەردوو سەراوی سەروو و خواروو، زیاتر لە 500 ماڵ دەبن.