پیاوێک لەبارەی ئەو تەرمەی دوای 31 ساڵ دەرهێندرایەوە: بۆنێکی خۆشی لێوە دەهات

 
رووداو - خورماتوو

لە خورماتوو بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەک، دوای 31 ساڵ تەرمێک لە گۆڕەکەی دەرهێندراوەتەوە و نەبووەتە ئێسک و پروسک. بڕیارە 210 گۆڕ بۆ ئەو مەبەستە بگوازرێنەوە، بە گوتەی ئەو کەسانەی خۆبەخشانە کارەکە دەکەن، تەرمی ئەو کەسە بەناوی ئازاد عەبدوڵڵا کە لە شەڕی عێراق و کوێت شەهید بووە، هێشتا وەکو خۆیەتی و تێکنەچووە.
 
کاروان خورشید، کەس و کاری خاوەن گۆڕەکەیە، خۆی و چەند کەسێکی دیکە تەرمەکەیان دەرهێناوە، دەڵێت "کاتی خۆی دوای چوار مانگ هێنایانەوە [و ئەو چوار مانگە] لەبەر خۆر بوو، کە دەرمانهێنا تەرمەکەی وەکو خۆی بوو، خوێن و ئاوی لێ دەتکا، گۆشتی پێوە مابوو". پیاوێکیش باسی لەوە کرد کە لەکاتی هەڵدانەوەی گۆڕەکەی، "بۆنێکی خۆشی لێوە هاتووە".
 
مامۆستایەکی ئایینی، کە سەرۆکی لیژنەی هەڵدانەوەی گۆڕەکانیشە، بە لێکدانەوەی ئایینی بۆ ئەو حاڵەتە بڕوای وایە سەلمێنەری شەهادەتی راستەقینەیە بۆ ئەو کەسە.
 
فەرهاد ئەکبەر، مامۆستای ئایینی و سەرۆکی لیژنەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم حاڵەتانە روو دەدات بۆ پیاوچاکێک، خواناسێک یاخود شەهیدێک".
 
لەڕووی زانستی پزیشکییەوە مانەوەی تەرم لەنێو گۆڕ و تێکنەچوونی، حاڵەتێکی دەگمەنە، بەڵام پێشتریش روویداوە.
 
پزیشکانی پسپۆڕ لە بەشی پزیشکی دادوەری دەڵێن "چەند ئەگەرێک هەیە بۆ تێکنەچوونی تەرم دوای چەند ساڵێک، بەڵام ئەو تەرمە لەبەر ئەوەی شیکاریی بۆ نەکراوە، ناتوانن بە دروستی بیسەلمێنن کە هۆکارەکەی چییە".
 
د. هاوڕێ دڵزار، پزیشکی پسپۆڕی دادوەری و هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ دەڵێت "راستە دەگمەنە، بەڵام حاڵەتێکی زانستییە و بەپێی کەشوهەوا و ئەو شوێنەی لێی بەخاک دەسپێردرێت، دەکرێ رووبدات. جەستەی مرۆڤ لەوانەیە پەڵەیەک لەسەری جێبمێنێت، بەڵام وەکو خوێن کە ئێمە دەیبینین ئەوها بمێنێتەوە پاش ئەو ماوەیە، بە هیچ شێوەیەک بنەمای نییە".
 
لە کۆی 210 گۆڕی گۆڕستانی گەورەی خورماتوو، تاوەکو ئێستا 125 گۆڕ کە زۆربەیان مێژوویەکی کۆنیان هەیە و بوونەتە ئێسک و پروسک، گواستراونەتەوە بۆ گۆڕستانی شەهیدان، زیاتر لە 30 کەسیش لە خەڵکی خۆبەخش تەرمەکان لەسەر بنەماکانی ئیسلام بەخاک دەسپێرن؛ بەڵام ئەوەی کارەکانیانی پەکخستووە، یەوەیە کە تاوەکو ئێستا ژمارەیەک لە گۆڕەکان کەسوکاریان دیارنین.