حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بە سیستمی زیرەک پێدانی ئاو رێکبخاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە هەندێ گەڕەکی هەرێمی کورستان بەشێک لە دانیشتووانەکەى ئاوى خواردنەوە بەشیان ناکات و بە تانکەر دەیکڕن، لەو لاشەوە لەگەڵ هاتنی ئاو، دار و دیوار بە سۆندە ئاوپرژێن دەکەن.
ئەو بەردەرگا شۆردن و بەفیڕۆدانە، بەشێکى سەرەکیى ئەو گرفتەیە کە 30 ساڵە حکومەت پێى چاکنەکراوە و ساڵانە دەیان جاریش بە خەڵک دەڵێت، " تکایە دەست بە ئاوەوە بگرن".
ئامانج جەلال، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ئاوى سلێمانى دەڵێت، "نزیکەى 20٪ی ئاوى سلێمانى بە فیڕۆدەچێت و هۆکارى سەرەکى نەبوونى تەوافە و بەردەرگا شۆردنە. 85٪ى سلێمانى تۆڕى ئاوى هەیە و ئەوی دیکەی بە تانکەر بۆى دابیندەکرێت".
لە هەرێمى کوردستان، کە تەماشای بەشى سەرەوەى خانووەکان دەکەیت، زۆربەى دیمەنەکان تانکیی ئاوى بێ تەوافە یان ئاوگلدەرەوەن، ئەو گرفتەش بە هۆکارێکی دیکەی بەفیڕۆدانى ئاو دادەنرێت.
حکومەتیش لە پلانیدایە وەک کارەبا سیستمێکى زیرەکیش بۆ ئاو دابنێت. ئارى قادر، بەڕێوەبەرى ئاوى هەرێمى کوردستان دەڵێت، "ئەو سیستمە نوێیە تواناى ئەوەى هەیە 95٪ى ئاو بگێڕێتەوە، کەم و زیادى بکات لە هەر کوێ لێچوون هەبوو ئاگادارمان بکاتەوە، بەفیڕۆدان کەم بکاتەوە، بەڵام ئەوەى دواى ئەوە دەکەین کە پێوەى زیرەک تەواو ببێت و پرۆپۆزەڵیشمان بۆ کردووە".
هەرێمى کوردستان لە رۆژێکدا تواناى بەهەمهێنانى سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاوى هەیە. ئەگەر گرفت نەبێت، هەر ماڵێک رۆژانە بە نزیکەى 200 مەتر سێجا ئاوى بەردەکەوێت.