ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان: رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاومان هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاومان هەیە''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تێچووی راستەوخۆی بەرهەمهێنانی هەر مەتر سێجایەک زیاتر لە 150 دینارە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-08-2023، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات رایگەیاند، ''لە رێگەی پڕۆژەکانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی سێ ملیۆن و 100 هەزار مەتر سێجا ئاومان هەیە.''
 
ئاری ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بڕە ئاوە لە رێگەی پێنج هەزار و 740 بیر، 20 پڕۆژەی ستراتیژی، 61 پڕۆژەی بچووکی دیکە و زیاتر لە 300 کانی کە پڕۆژەیان لەسەر دروستکراوە، بەرهەم دەهێنرێت.
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان گوتی، بڕی بەرهەمهێنانی ئاو لەگەڵ وەرزەکاندا دەگۆڕدرێت، ''لە وەرزی زستان پێویستمان بە ملیۆنێک و 800 هەزار تا دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاوە، لە وەرزی پایز و بەهار، نزیکەی دوو ملیۆن تا دوو ملیۆن و 500 هەزار مەتر سێجا پێویستە و لە وەرزی هاوینیشدا زیاتر لە سێ ملیۆن و 100 هەزار مەتر سێجا ئاومان پێویستە.''
 
ژمارەی هاوبەشانی ئاوی پاک لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ملیۆنێک و 100 هەزار هاوبەش، ئاری ئەحمەد ئاماژەیدا، ''ئەو ژمارەیە گوندەکانی تێدا نییە و لە داهاتوودا بە سیستمێکی دیکە گوندەکانیش دێنینە نێو رێژەی هاوبەشان، کە ئەوکات رەنگە ژمارەیان بگاتە زیاتر لە ملیۆنێک و 350 هەزار هاوبەش.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی چەمچەماڵ پڕۆژەی ئاوی نییە و بیرەکانیشی بڕێکی کەم ئاو دابین دەکەن، خراپترین شوێنە لەڕووی ئاو و دووەم شوێنیش قەزای قوشتەپەیە کە قووڵیی بیرەکانی وەکو تاکە سەرچاوەی ئاو، دەگاتە 700 مەتر.
 
ئاری ئەحمەد گوتیشی، ''ماوەی چەند ساڵە کار لەسەر پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە دەکرێت، دیزاینی بۆ ئامادە کراوە و ئاوەکەی لە زێی بچووک وەردەگرێت، زیاتر لە 60 گوند، دوو ناحیە و قەزای قوشتەپە لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەبن، ئێستاش تەنیا ماوە بودجەی بۆ دابین بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بەرهەمهێنانی هەر مەتر سێجا ئاو، زیاتر لە 150 دینار خەرجیی راستەوخۆی هەیە و وەکو خەرجیی ناڕاستەوخۆش کە کرێی کارەبای دێتەسەر، نزیکەی 500 بۆ 520 دینارە بۆ هەر هەزار لیتر ئاو.
 
بەپێی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 25٪ بۆ 42٪ـی ئەو ئاوەی بەرهەم دەهێنرێت، دیار نامێنێت و بەفیڕۆ دەچێت؛ وەک ئاری ئەحمەد گوتی، بەشێکی دیارنەمانی ئاو بەهۆی لێچوونی تۆڕ و بۆڕییەکانە، بەشێکی بەهۆی کارنەکردنی پێوەرەکانی ئاوی هاوبەشانە و بەشێکیشی بەهۆی راکێشانی نایاسایی هێڵی ئاوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی بە نایاسایی هێڵی ئاویان راکێشاوە و دەڵێت، ''لە داهاتوودا کار لەسەر ئەو هێڵانە دەکرێت کە بە نایاسایی راکێشراون و بەکارهێنەرانیان پێبژاردن دەکرێن و ئاویان لێ دەگیرێتەوە.''