بوومەلەرزەیەک ئامەدی هەژاند

رووداو دیجیتاڵ 

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان روویدا. 
 
سه‌رۆكایه‌تی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 15:25 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ی ئابی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر، لە شارۆچکەی خانێی سەر بە پارێزگای ئامەد روویدا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 16.81 کم بووە. 
 
دەزگای ئافاد راشیگەیاند، لە دوای هەردوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژی 6ی شوبات، تاوەکو ئێستا 37 هەزار و 119 پاشلەرزە روویانداوە، کە 12 پاشلەرزە 6 پلە و 68یان 5 پلە بووە. 
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 50 هەزار و 783 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار 204 کەس برینداربوون.