بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3 پلەی رێختەر مەلەتێی هەژاند

 
رووداو دیجیتاڵ 

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەلەتێ لە باکووری کوردستان روویدا. 
 
سه‌رۆكایه‌تی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 20:48 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ی ئابی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 5.3 پلەی رێختەر، لە شارۆچکەی یەشیل یورت سەر بە پارێزگای مەلەتێ روویدا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 7 کم تۆمارکراوە. 
 
رۆژی 9ی ئاب بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلە هەمان شارۆچکەی پارێزگای مەلەتێی هەژاندبوو. 
 
دەزگای ئافاد راشیگەیاند، لە دوای هەردوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژی 6ی مانگ تاوەکو ئێستا 37 هەزار و 119 پاشلەرزە روویانداوە، کە 12 پاشلەرزە 6 پلە و 71یان 5 پلە بووە. 
 
رۆژی 6ی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 50 هەزار و 783 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار 204 کەس برینداربوون.