هەپەگە ناسنامهی دوو گەریلا ئاشكرا دهكات کە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ناسنامهی دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرا دهكات كه لەمیانی شهڕ و پێكدادان له دژی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی 10ی ئابی 2023، ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی ئەو گەریلانەی بڵاوکردەوە کە لە رۆژی 6ی ئابی 2023، لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان لەمیانی شەڕ و پێکدادان لە دژی سوپای تورکیا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵدا گیانیان لەدەستدابوو.
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەن: رێزان گونگەن ناسراو بە رێزان بۆتان لەدایکبووی شرنەخ و بەکر کینا ناسراو بە باوەڕ بۆتان لەدایکبووی ئیستەنبووڵ.
رۆژی 10ـی ئابی 2023 وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (توویتەری پێشوو) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، لە رووبەڕووبوونەوەیەکیاندا لە ناوچەی زاپ، چوار گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 617 گەریلا و کوژرانی 100 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 978 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 361 گەریلای راگەیاندووە.