لە بوومەلەرزەکەی مەلەتێ 23 کەس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نێوخۆی تورکیا دەڵێت، بەهۆی بوومەلەرزەکەی پارێزگای مەلەتێ لە باکووری کوردستان کە پلەکەی 5.3 بوو، 23 کەس بریندار بوون. 
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 8ـی ئابی 2023، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، لە بوومەلەرزەکەدا 23 کەس برینداربوون، دۆخی سەرجەم بریندارەکان جێگیرە. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا راشیگەیاند، دوو باڵەخانەی زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزەکانی 6ی شوبات، بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەمشەو، رووخان. تیمەکانی دەزگای ئافاد و فریاگوزاری لە شوێنی رووداوەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کەس لەژێر داروپەردووەکاندا نەبێت. 
 
سه‌رۆكایه‌تی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 20:48 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئابی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 5.3 پلەی رێختەر، لە شارۆچکەی یەشیل یورت سەر بە پارێزگای مەلەتێ روویدا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 7 کم تۆمارکرا. 
 
رۆژی 9ی ئاب بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلە هەمان شارۆچکەی پارێزگای مەلەتێی هەژاندبوو. 
 
دەزگای ئافاد راشیگەیاند، لە دوای هەردوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژی 6ی مانگ تاوەکو ئێستا 37 هەزار و 119 پاشلەرزە روویانداوە، کە 12 پاشلەرزە 6 پلە و 71یان 5 پلە بووە. 
 
رۆژی 6ی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 50 هەزار و 783 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار 204 کەس برینداربوون.