راوێژکارێکی سوودانی: یەدەگی گشتیی دراوی عێراق 100 ملیار دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ
 
موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەدەگی ئێستای زێڕی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 163 تۆن."
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "کۆی گشتیی یەدەگی عێراق نزیکەی 100 ملیار دۆلارە" کە پێکدێت لە دۆلاری ئەمریکی، یۆرۆ، یوانی چینی، پاوەندی بەریتانی، یەنی ژاپۆنی و زێڕ.
 
هەر لەوبارەوە، پرۆفیسۆر نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووریی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەدەگی زێڕی بانکی ناوەندیی عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و 19% زیادی کردووە. بەهای یەدەگەکە گەیشتووەتە 21.2 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2024ـدا 17.8 تریلیۆن دینار بوو.
 
بەڵام نەبیل مەرسوومی پێیوایە بوونی یەدەگی زێڕ بەو قەبارەیە، مانای بەهێزیی ئابووری ناگەیەنێت و نموونەی لوبنانی هێنایەوە کە لەسەر ئاستی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی، سەرەڕای ئەوەی پێنجەم وڵاتە لە یەدەگی زێڕدا، کەچی ئابوورییەکەی داتەپیوە.
 
نەبیل مەرسوومی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بە فاکتەرێکی گرنگی بەهێزبوونی ئابووری دەزانێت، لەکاتێکدا ئابووریی عێراق نزیکەی 90٪ی تەنیا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
 
لە مانگی تەممووزی رابردوودا، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق پڕۆژەی "شاری جیهانیی زێڕ"ـی پەسند کرد، وەکو بەشێک لە پلانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی کانزا بەنرخەکان و زێڕینگری لەنێوخۆدا.
 
لەسەر ئاستی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە ساڵی 2024ـدا، سعودیە لە پلەی یەکەمدا بوو لە یەدەگی زێڕ، دوای ئەویش لوبنان، جەزائیر، عێراق، لیبیا، میسر و قەتەر دێن.
 
بەگوێرەی ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ بۆ چارەکی دووەمی 2025، ئەمریکا بە هەبوونی 8,133.5 تۆن زێڕ، کە بەهاکەی نزیکەی 628 ملیار دۆلارە، لە پلەی یەکەمی وڵاتانی جیهاندایە.