دەزگای روانگە خولی راهێنانی پیشەیی بۆ گەنجانی کریستیان دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای روانگە بە هاوکاریی زانکۆی کاتۆلیکی هەولێر، خولی راهێنانی پیشەیی بۆ گەنجانی کریستیان دەکاتەوە؛ سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگاکە دەڵێت، پڕۆژەکە بۆ دوو ساڵ بەردەوام دەبێت و بەشداربووان دەبنە خاوەن ئەو کارامەییانەی کە لە بازاڕی کاردا پێویستن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-08-2025، حەسەن شێخ عەلائەدین، سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولێکی راهێنانی پیشەیی گەنجانی کریستیان لە هەولێر گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''بەشداربووان ئاشنا کراون بەو کارامەییانەی کە لە بازاڕی کاردا پێویستن.''
 
حەسەن شێخ عەلائەدین ئاماژەی بەوەدا، تیمەکانی ئێمە لە دەزگای روانگە بە هاوئاهەنگیی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی و هاوکاریی زانکۆی کاتۆلیکی هەولێر، پشتیوانیی پەیمانگەی هاوئاهەنگیی زانکۆکانی ئیتاڵیای وەرگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەی دوو ساڵدا کۆمەڵە گەنجێک لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر سوودمەند بن لە راهێنانی پیشەیی.''
 
بەگوتەی سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە، کارامەییەکان چەند بوارێک لەخۆدەگرن، ''لەوانەش چاککردنەوەی مۆبایل، بەرگدووری و کۆمەڵێک بابەتی دیکە کە سەرجەمیان دەتوانن تاکێکی بەرهەمدار بخەنە خزمەتی کۆمەڵگەوە''.
 
حەسەن شێخ عەلائەدین چالاکییەکەی دەزگای روانگە جیاواز لە پڕۆژەکانی دیکەیان دەزانێت و دەڵێت، ''پڕۆژەکە خزمەتێکی بەرچاو بە خوشک و برا مەسیحییەکانمان دەکات کە ئەمەش یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی ئێمە بۆ بابەتی پێکەوەژیان و پاراستنی رەسەنایەتی لە هەرێمی کوردستان.''
 
هاوکات مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی، بەشداریکردنی گەنجانی کریستیان لە خولەکانی راهێنانی پیشەییدا لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبووە و پێویستە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رێژەی کەمی بەشداربووان بکرێت.
 
مەریوان بەگۆک خولەکانی راهێنانی پیشەیی بە ''زۆر گرنگ' دەزانێت و دەڵێت، ''گەنجەکانمان لە رێگەی ئەم خولانەوە، فێری پیشەی جۆراوجۆر دەبن کە دەبنە هۆی رزگاربوونی خەڵک لە بێکاری.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەچوونی بەشێک لە خولەکانی راهێنانی پیشەیی بە پاڵپشتیی دارایی حکومەت بووە و ''بەشێکی زۆریشیان لە رێکخراوەکانەوە پاڵپشتیکراوان کە لەوبارەوە دەزگای روانگە پشکی شێری بەرکەوتووە.''
 
ئامانج لە خولەکانی راهێنان باشترکردنی دەرفەتی کۆمەڵایەتی، ئابووری و پەروەردەیی کۆمەڵگەی کریستیانەکانە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک. یەکێک لە بەشداربووانی خولی راهێنانی چاککردنەوەی مۆبایل لە رێوڕەسمەکەدا گوتی، ''بەهۆی هەندێک هۆکاری تایبەت، نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بە ئەستەم توانای بەدەستهێنانی کارم هەبێت، چونکە شارەزایی و کارامەییم لە هیچ کارێکدا نەبوو.''
 
ئەو بەشداربووە سوپاسی دەزگای روانگە دەکات و دەڵێت، ''روانگە وەک پاڵپشتێکی بەهێز یارمەتیدەر و هاندەرم بوو کە دەستەوەستان نەمێنمەوە و توانای بەدەستهێنانی هەلیکارم هەبێت''.
 
ئەو بەشداربووەی خولی راهێنانی چاککردنەوەی مۆبایل ئەوەشی خستەڕوو، ''چاککردنەوەی مۆبایل لە جیهانی ئەمڕۆدا تایبەت بووە بە پیاوان، بەڵام بەخۆشییەوە دەزگای روانگە لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیە ناوازەیەدا، دەرفەتی بە خانمانیش بەخشی. ئێستا من خاوەنی ئەو کارامەییەم و دەتوانم لەم بوارەدا کار بکەم.''