پێشبینیی کەشناسان بۆ کاتی پەڵەدان و وەرزی بارانی ئەم ساڵ؛ "وشكەساڵی نابێت"
رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ لە بەشێکی هەرێمی کوردستان وشکەساڵی بوو، کەشناسان پێشبینی دەکەن، وەرزی بارینی ساڵی 2025-2026 بارانی باش ببارێت و وشکەساڵی نەبێت. بە گوتەی کەشناسێک: "تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ لە زاخۆ بۆ خانەقین پەڵە دەدات".
ئەم ساڵ بە تایبەتی لە دەڤەری گەرمیان، دەشتی هەولێر و بەشێکی دهۆک وشکەساڵی تەواو بوو بۆ دانەوێڵە، هەروەها یەكێک بوو لەو ساڵانەی زۆرترین کانیاوەکان وشک بوون و زیانێکی زۆر بە ئاوی ژێرزەوی گەیشت.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشوهەوا ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەرزی بارانی داهاتوو باش دەبێت و ساڵێکی باراناوی دەبێت لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەمەش بەگوێرەی ئەوەی لەم وەرزی گەرمایەدا لە پێش و پاش هەر چالاکبوونێکی رەشەبا بای شەماڵ چالاك بووە، ئەمە ئاماژەیەکی باشە بۆ وەرزی بارانی داهاتوو".
بەگوتەی شاڵاو هیدایەت بێت، کەشوهەوای زەریای جەمسەری باکوور و زەریای ئەتڵەسی لە بەرژەوەندیی ناوچەکەدا دەبێت و وەرزێکی باراناوی چاوەڕێی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات.
شاڵاو هیدایەت دەڵێت، لێکدانەوەی وردی بۆ دۆخەکە کردووە و بەوە گەیشتووە، کە "وەرزی دابارینی داهاتوو گەردەلوولی جەمسەری (ناجێگیر) واتا شەپۆلدار لە بەرژەوەندیماندا دەبێت، ئەمەش هۆکاری تەواوە بۆ هاتنە خوارەوەی بارستە هەوای سارد و نزمە پەستانی جەمسەریی بۆ ناوچەکانمان، کە دەبنە هۆی زیادبوونی شەپۆلەکانی باران، بەفر و تەرزە".
ئەو کەشناسە باسی لەوەکرد، وەرزی نوێی بارانبارین ئەم ساڵ لە سەرەتای پاییزدا بارانی کەمتر دەبارێت. گوتیشی: "دوای نێوەڕاستی پاییز دۆخەکە بەرە و ئاساییبوونەوە دەڕوات و لە دوای ئەوەوە لە زستان و بەهاردا شەپۆلی بەهێزی باران دەبێت".
بە گوتەی شاڵاو هیدایەت: "ئەم ساڵ لەنێوان مانگەکانی 11 بۆ کۆتایی ساڵ، لە خانەقینەوە تاوەکو زاخۆ لە هەموو ناوچەکان پەڵە دەدات".
محەممەد کەمال، پێشبینکارێکی دیکەی کەشوهەوایە و ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێت سێ مانگی سەرەتای وەرزی بارانبارین بارانی کەم ببارێت، بەڵام بەهۆی دروستبوونی حاڵەتی بێلایەنی (NEUTRAl) لەسەر بەشی رۆژهەڵاتی ئاوی زەریای هێمن، پێشبینی دەکرێت ئاستی بارین بەگشتی روو لە باشی بکات بۆ وەرزی زستان و بەهار".
ئەو کەشناسە دەڵێت: "وەرزی نوێی بارانبارین بەراورد بە وەرزی بارینی رابردوو باشتر دەبێت و کوردستان لە مەترسی وشکەساڵی دوور دەبێت".
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، دەرکەوتنی هەور لەم کاتەی ساڵدا و بارینی باران لەهەندێک جیگەی جیاواز لە هەرێمی کوردستان، زیاتر گەشبینیان دەکات بەوەی کە ساڵی داهاتوو بارانی باش دەبارێت و وشکەساڵی نابێت".