دەستگیرکردنی دوو گەنجی کورد لەسەر هەڵکردنی ئاڵای ئەمریکا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادوەرێکی لێکۆڵینەوە لە کەرکووک، بڕیاری دا دوو گەنجی کورد کە رۆژی هەینی بەهۆی هەڵکردنی ئاڵای ئەمریکاوە دەستگیرکرابوون، بۆ ماوەی 48 کاژێری دیکە لەژێر لێکۆڵینەوەدا بمێننەوە. ئەو دوو گەنجە بەپێی مادەی 240ی یاسای سزادانی عێراقی راگیراون.
دەستگیرکردنی ئەو دوو گەنجە دوای ئەوە هات گرتەیەکی ڤیدیۆییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، تێیدا ئاڵای ئەمریکایان لەسەر ئۆتۆمبێلەکەیان بەستووە، بەڵام ئەو کارەیان لە چوارچێوەی نمایشی "درێفتی ئۆتۆمبێل" بووە کە هەفتانە بە شێوەیەکی فەرمی و بە مۆڵەت لە گۆڕەپانێکی تایبەت لە کەرکووک بەڕێوەدەچێت.
بڕیار جەبار، برای یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "براکەم و هاوڕێکەی هیچ مەبەستێکی سیاسییان لەپشت ئەو کارەوە نەبووە. وەک خۆشەویستییەک بۆ ئۆتۆمبێلە ئەمریکییەکانیان کە جۆری دۆج و ئۆبامایە، ئاڵای ئەمریکایان هەڵواسیوە. لە رێگەیان بۆ شوێنی نمایشەکە، دیارە کەسێک وێنەی گرتوون و بەوە تۆمەتباری کردوون کە کاری 'ئیستیفزازی' دەکەن. ئەمڕۆ دەبوو ئازادبکرێن، بەڵام دادوەر ماوەی راگرتنەکەی بۆ دوو رۆژی دیکە درێژکردنەوە."
ئەم جۆرە چالاکییە وەرزشییە، نەک هەر مۆڵەتی فەرمیی هەیە، بەڵکو یەکێتیی وەرزشیی تایبەت بە خۆی هەیە و لە لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق وەک وەرزشێکی فەرمی تۆمارکراوە.
حەربی خالید، سەرۆکی نوێنەرایەتیی کەرکووکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەم یارییە یاسای خۆی هەیە. هەر ئۆتۆمبێلێک دروستکراوی چ وڵاتێک بێت، ئاڵای ئەو وڵاتەی پێوە دەبێت. ئەمە بووەتە نەریتێک لە یەکێتیی ئۆتۆمبێلسواریی عێراقی و جیهانیدا و هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە. ئێمە لە کەرکووک پاڵەوانی ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبیمان هەیە لەم بوارەدا."
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دەست رووداو کەوتووە، لە هەمان گۆڕەپاندا دەیان ئۆتۆمبێلی دیکە دەبینرێن کە ئاڵای وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا و ژاپۆن هەڵکردووە، بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەکانیان.