وەزارەتی پێشمەرگە: هاوکاریی هاوپەیمانان نابڕدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هاوکاری هاوپەیمانان بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی واشنتن و هەولێر بەردەوام دەبێ. لەبارەی یەکخستنی پێشمەرگەشەوە دەڵێت: "کارەکان بەخاوی بەڕێوەدەچن".
 
جگە لە هاوکارییەکانی دیکە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا مانگانە 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلار هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەنگۆ هەیە کۆتایی ئەم ساڵ ئەو هاوکارییە نەمێنێت.
 
لیوا بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی دوولایەنە، هاوکارییەکان بەردەوام دەبن تاوەکو ئۆکتۆبەری ساڵی 2026".
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "مانگانە و سێ مانگ جارێک تاوتوێی پێشکەوتنەکانی خاڵەکانی لێکتێگەیشتنەکە دەکرێت. ئەگەر لایەنی ئێمە پابەندییەک جێبەجێ نەکات، لایەنی بەرامبەر بەگوێرەی ئەوە راپۆرت ئاراستەی سەرەوەی خۆی دەکات و پێدەچێت بڕگەیەک لە هاوکارییەکە ببڕدرێت و بڕگەیەکی دیکە زیادبکرێت کە ئەوە ئاساییە. جەخت دەکەینەوە کە هاوکارییەکان نابڕدرێن".
 
لیوا بەختیار محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکارییەکان تەنیا مادی نین، بەڵکو دابینکردنی پێداویستی، راوێژکاری، مەشق و چەند بوارێکی دیکەن.
 
لەبارەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەشەوە لیوا بەختیار گوتی: "کارەکان بۆ یەکخستنەوەی تەواوی پێشمەرگە بەردەوامن و نەوەستاون، بەڵام بە خاوی بەڕێوەدەچن".
 
لەبارەی هۆکاری خاوییەکەشەوە ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "هۆکار زۆرن. پێشمەرگە خاوەن بودجەی تایبەتی خۆی نییە، کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا کاریگەری خۆیان هەیە، هاوکات پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتیش هۆکارێکی خاوبوونی پرۆسەکەیە".
 
لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانیان بۆ پێشمەرگە مانگانە بڕە پارەیەک دەدرێتە پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەکان.
 
وەزارەتی پێشمەرگە چەند رۆژێک لەمەوبەر بڵاویکردەوە، 07ـی مانگی ئاب نزیکەی 74 هەزار ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن.
 
تاوەکو ئەمڕۆ بەشێکی هێزەکانی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتن و سەر بە یەکەکانی 70 و 80ن، کە ئەوەی یەکەم سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە و ئەوی دیکەش پارتی دیموکراتی کوردستان.