ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆن: زیاتر لە 78٪ـی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە کارتی بایۆمەترییان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆن دەڵێت، زیاتر لە 78٪ـی ئەوانەی لە سنوورەکە مافی دەنگدانیان هەیە، کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە؛ سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنیش ئاماژە بەوە دەکات، گۆڕانکاریی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگداندا کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-08-2025، دەنگدانی ئەزموونی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا. ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی روودا کە ئارێز خالید پیشکێشیکرد، رایگەیاند، ''ئامانج لە تاقیکردنەوە دەستنیشانکردنی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی پڕۆسەکە و راهێنانی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدانە.''
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، ژمارەیەک دەنگدەر گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەبوو، ئامانج عەزیز ئاماژەی بەوە کرد، ''بەخۆشییەوە لەو هەڵبژاردنەدا، لە رێگەی زیادکردنی کامێرایەک بۆ ئامێری بەراوردکاری، گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر چارەسەر کراوە.''
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆن، ئەوانەی کە لەکاتی پڕۆسەی بایۆمەتریدا پەنجەمۆریان نەیخوێندووەتەوە، لە رۆژی هەڵبژاردندا لە رێگەی وێنەیەکی بایۆمەترییەوە بەشداری دەنگدان دەکەن.
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، لە هەر وێستگەیەک تەنیا 5%ـی دەنگدەرانى رێگەیان پێدەدرێت بەبێ خوێندنەوەى پەنجەمۆر دەنگ بدەن. وەک ئامانج عەزیز دەڵێت، ''بۆ ئەو دەنگدەرانەش کە لە رۆژی بایۆمەتریدا پەنجەمۆریان کێشەی نەبووە، بەڵام رۆژی دەنگدان ئامێرەکە نایخوێنێتەوە، پەنا دەبرێتە بەر وێنەیەکی بایۆمەتریی دەنگدەرەکە و دواتر لەسەر پشکی 5٪ـەکە تێدەپەڕێنرێت و لە هەڵبژاردندا بەشدار دەبێت.''
بەگوێرەی زانیارییەکانی جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن بۆ رووداو، تاقیکردنەوەکەی ئەمڕۆی هەڵبژاردن، لە ناوەندەکانی تۆمارکردن و 20 نووسینگەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان کراوە و فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنیش وەک دەنگدەر بەشدارییان تێدا کردووە.
ئامانج عەزیز جەختی لەوە کردەوە، کۆمیسیۆن بەردەوام کار دەکات بۆ بەهێزکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، ''بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت. بۆ هەر وێستگەیەکی دەنگدان دوو کامێرای چاودێری دادەنرێت کە هەر لە دەستپێکەوە، تاوەکو کۆتایی ژماردن و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان، پڕۆسەکە تۆمار دەکات''.
بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ملیۆنێک و 532 هەزار کەس مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنیان هەیە کە ''زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزاریان بایۆمەتریان کردووە و زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزاریشیان کارتی بایۆمەترییەکانیان وەرگرتووەتەوە.''
تائێستا کارتی بایۆمەتریی 115 هەزار دەنگدەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی نەدراونەتەوە. ئامانج عەزیز گوتی، ''ژمارەکە ئەو کەسانە لەخۆدەگرێت کە بنکەی دەنگدانیان گۆڕیوە، راستکردنەوەیان کردووە، یان لەدایکبووانی ساڵی 2007ـن. ئێستا چاوەڕێین کارتەکانیان چاپ بکرێت و رادەستیان بکەینەوە.''
بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆن بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی وەرگرتنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین گوتی، 78.4٪ـی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن.
وەک ئامانج عەزیز دەڵێت، سنووری پارێزگای سلێمانی 18 کورسیی پەرلەمانی عێراقی بۆ دیاریکراوە کە نۆ پارتی سیاسی و چوار بەربژێری سەربەخۆ رکابەرییان لەسەر دەکەن.
''کۆمەڵێک گۆڕانکاریی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگداندا کراون''
هاوکات مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا مەرەکەب بەکارناهێنرێت، ''بەڵکو بە پشتڕاستکردنەوەی پەنجەمۆریان، رێگە بە دەنگدەران دەدرێت، بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، واتا مەرەکەب شتێکی زیادەیە.''
ئەوە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا پێویست بوو دەنگدەر دوای دەنگدان پەنجەی بخاتە نێو مەرەکەبەوە. مەروان محەممەد گوتی، راستاندن بۆ ناسنامەی دەنگدەر لە رێگەی سێ پەنجەمۆرەوە دەکرێت کە بریتن لە پەنجەمۆری زیندووی دەنگدەر، لەگەڵ ئەو پەنجەمۆرەی لەنێو کارتی بایۆمەتریدا هەیە، هەروەها ئەو پەنجەمۆرەش کە لە ئامێرەکەدا هەڵگیراون.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، ژمارەیەک لە لایەنە سیاسیەکان گلەییان لە ئەنجامی پڕۆسەکە هەبووە و دەیانگوت ''دەستکاری''ـی دەنگەکان کراوە. سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن گوتی، ''هیچ لایەنێک نەیتوانی بیسەلمێنێت کە ئەو ئامێرانە دەستکاری کراون، بەڵام ئێمە لەڕووی تەکنیکییەوە، کۆمەڵێک گۆڕانکاریمان لە ئامێرەکاندا کردوون.''
بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن.