مەسروور بارزانی: نابێت سەرژمێری دانیشتووان بۆ ئامانجی سیاسی بەکاربهێندرێت
رووداو - هەولێر
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری پلاندانانی عێراق کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی و نیازپاکی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور نیشانداوە، تێبینیشیان لەسەر میکانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان هەیە و نابێت بۆ ئامانجی سیاسی بەکاربهێندرێت.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو، تێیدا نووری سەباح دلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی جێگیر و سەرکەوتووە و سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانیش سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نووری سەباح دلێمی رایگەیاند، ئێستا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەموو کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربکرێن.
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی و نیازپاکی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشانداوە لەسەر بنەمای دەستوور. هیواداریشن سەردەمێکی ئەرێنی و نوێ لە پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە بە شێوەیەک کە شەراکەتی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لە بەرچاو بگیرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی سەرژمێری دانیشتووان کرا کە بڕیارە ساڵی 2020 لە عێراق ئەنجامبدرێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە رایگەیاند، سەرژمێری کارێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری کە ئامرازێکی یارمەتیدەردەبێت بۆ پلاندانان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی لە سەر میکانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە هەیە و پێویستە لەبەرچاو بگێرێن.نابێ سەرژمێری وەکو کارتێکی سیاسی لە دژی هیچ پێکهاتەیەک بەکاربهێندرێت.
وەزیری پلاندانانی عێراق: سوپاسی سەرۆک بارزانی و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات
هەر ئەمڕۆ لە سەلاحەددین سەرۆک بارزانی پێشوازی لە وەزیری پلاندانانی عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری پلاندانان رۆڵی سەرۆك بارزانی لە قۆناخە جۆراوجۆرەكانی ژیانی سیاسیی عێراق و هەوڵەكانی بۆ قووڵكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و بەرگریكردن لە پێكهاتەكان بەرز نرخاند.
هاوکات سوپاسی سەرۆك بارزانی و خەڵكی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە لە رۆژانی سەختی شەڕی داعشدا میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی عێراقییان كرد.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری پلاندانان دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی كرد كە رێنوێنی و ئامۆژگاریی پەرلەمانتارانی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە بۆ ئەوەی بەرگریكاری ماف و داواكاریی خەڵکی پارێزگاكانی دیکەی عێراقیش بن.