لەسەر پارککردنی ئۆتۆمبێل لە شارێکی باکووری کوردستان سێ کەس دەکوژرێن

 
رووداو - هەولێر 

لە دیلۆکی باکووری کوردستان دەمەقاڵێ لەنێوان دوو دراوسێدا لەسەر پارککردنی ئۆتۆمبێل دروستبوو، دواتر تەقەیان لە یەک کردووە و بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
شەڕەکە درەنگانی شەوی رابردوو روویداوە کە دوو دراوسێ لە شارۆچکەی شاهینبەی سەر بە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، بەهۆی پارککردنی ئۆتۆمبێل دەمەقاڵییان بوو، دواتر شەڕە بۆکس روویدا، هەردوو دراوسێکە بەوەش نەوەستان و تەقەیان لەیەکدی کردووە.
 
هێزەکانی پۆلیس چەند خولەکێک دوای شەڕە تەقەی ئەو دوو دراوسێیە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و رێگرییان کرد رووداوەکە تەشەنە بکات، چونکە هەردوو دراوسێکە پەیوەندییان بەکەسوکارەکانیان کردبوو بۆئەوەی بەشداری شەڕەکە بکەن. 
 
هێزە ئەمنییەکان، لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، بریندارەکانیش سەرجەمیان گواسترانەوە نەخۆشخانەی گشتیی دیلۆک. بەپێی زانیارییەکانیش یەکێکیان دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.