بەهۆی زۆریی مامەڵەی فەرمانگەکانەوە، بەشێکی هاونیشتمانییان کارەکانیان دەدەنە پارێزەر
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە هاونیشتمانییان لە زۆریی مامەڵە و درەنگکەوتنی کارەکانیان لە فەرمانگەکان بێزارن. ئەو رۆتینەش زۆرتر لە فەرمانگە خزمەتگوزارییە قەرەباڵخەکاندایە، بەشێک لە خەڵک بۆ دەربازبوون لە رۆتین، درەنگکەوتن و ماندووبوون خۆیان ناچنە فەرمانگەکان و پارێزەرێک کارەکانیان بۆ دەکات.
هاونیشتمانییەک بە ناوی کاروان کەمال مامەڵەی رووخاندن و دروستکردنەوە و تاپۆکردنی خانووەکەی هەیە، ئەو زیاتر لە دوو مانگە نەیتوانیوە کارەکەی تەواو بکات، هێشتا جگە لە تۆماری خانووبەرە، واژۆی کۆتایی کارەبا، ئاو، شارەوانی و باجی ماوە، کاروان ماندوو بووە و بڕیاریداوە جارێکی دیکە دەست بۆ مامەڵەی هاوشێوەی ئەوە نەباتەوە.
کاروان کەمال، پیشەی کاسبە و دەڵێت، "زۆر زەحمەتم بینیوە، پێویستە ئەو زەحمەتییە نەمێنێ، ئیش لە دەستی پارێزەران زەحمەت بووە، ئینجا چۆن لای من زەحمەت نابێت، مامەڵەکان زۆر بە سستی دەڕوێندرێن، دەبینی دەچیتە ژوورێک لەوێ بۆ ژوورێکی دیکە و ئاگایان لەکاری یەکدی نییە و بێ ئاگاییەکی زۆر لەنێو فەرمانگەکان هەیە".
سەردار یوسف، پارێزەرە و دەڵێت، "من ناڵێم هەموو فەرمانگەکان، بەڵام ٪80ی رۆتینیاتی زۆرە، بەتایبەت شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو، کارەبا و تاپۆش رۆتینیاتی زۆرە".
هیوا حەمید ئەفەندی، بەرپرسی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سیستەمی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان داندراوە، پێناسەی دیجیتاڵی بۆ هەر هاونیشتمانییەک داندراوە و پێیدەدرێت، لە رێگەی ئەو پێناسە دیجیتاڵییەوە لە رێگەی ئەپێکەوە کە پێیدەگوترێت سیتیزن کە لە بواری جێبەجێکردندایە، بەوە دەتوانێت دەستی بگات بە خزمەتگوزارییەکان، ستراتیژییەتی حکومەت وایە کە پێویست نەکات هاونیشتمانی سەردانی دامودەزگاکان بکات بۆ راپەراندنی کارەکانی، تەنیا لەو کاتانەدا نەبێت کە لە رووی یاساییەوە دەبێت ئامادە بێت".
لەنێو توێژینەو و بەدواداچوونەکانی دەستپاکی، رۆتین بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەندەڵی و فراوانبوونی پانتایی وەرگرتنی بەرتیل دادەندرێت.