وەزارەتی ناوخۆ: هەرکەسێک قەرزی سزای هاتووچۆ بداتەوە 20% داشکاندنی بۆ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ماوەی شەش مانگ 20% داشكاندن بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە قەرزی سزاکانی هاتووچۆ بدەنەوە، لەدوای ئەو کاتەوە هەرکەسێک لەماوەی یەک مانگدا قەرزی هاتووچۆ نەداتەوە پارەی سزاکە دەبێتە دوو هێندە.
لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-9-2023، بڵاوکراوەتەوە و واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، بڕیاردراوە بۆ ماوەی شەش مانگ 20% داشکاندن بۆ قەرزی هاتووچۆی سەر شۆفێران بکرێت.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "بڕیاری لێخۆشبوونی 20%ـی قەرزەکانی سزای هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگ درا؛ لە رێککەوتی 28-8-2023ـەوە تاوەکو 28-2-2024 بەردەوام دەبێت. لە دوای کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە، هەرکەسێک پێبژاردن نەداتەوە لەماوەی 30 رۆژدا، بەگوێرەی بەشی 20 لە یاسای هاتووچۆ ژمارە 86ـی ساڵی 2004 مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".
بەگوێرەی بڕگەی 3 لە بەشی 20ـی یاسای ژمارە 86ـی ساڵی 2004ـی پەرلەمانی کوردستان، هەرکەسێک لەماوەی مانگێکدا پارەی سزاکەی نەدات، بڕی پێبژاردنەکەی دەبێتە دووهێندە بۆ یەک جار.