قایمقامی شنۆ گۆڕدرا


رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، عەبدولسەلام مام عەزیزی بە قایمقامی نوێی شاری شنۆ دەستنیشان کرا.
 
رێوڕەسمی ناساندن و دەستبەکاربوونی عەبدولسەلام مام عەزیزی وەک قایمقامی نوێی شاری شنۆ، بە ئامادەبوونی رەسووڵ موقابلی، جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە باڵەخانەی قایمقامییەتی شارەکە بەڕێوەچوو.
 
عەبدولسەلام مام عەزیزی لە شوێنی سەیدعەلی تورابی دەستبەکاردەبێ.
 
لە رێوڕەسمی ناساندنی قایمقامی نوێی شنۆدا، جێگری پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری و دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکە، لە ئەرکە سەرەکییەکانی قایمقامی نوێی شنۆیە و پێویستە لەم بوارەدا هەموو هەوڵەکانی بخاتەگەڕ.
 
رەسووڵ موقابلی گوتی، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی شاری شنۆ، پێویستە کار بۆ پەرەپێدانی کەرتە جیاوازەکانی گەشتیاری، کشتوکاڵ و پێشەسازی بکرێ و پێویستە قایمقامی نوێی شارەکە گرنگی بە پێشخستنی هەموو کەرتەکان بدات.
 
بە گوتەی جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی، پارێزگاکە سنووری هاوبەشی لەگەڵ چەندین وڵات هەیە و پێویستە سوود لەو تایبەتمەندییە وەربگیرێ بۆ گەشەپێدانی ئابووریی پارێزگاکە.
 
بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەی دانیشتووانی شاری شنۆ نزیکەی 77 هەزار کەسە.